كونسوڵی ئێرانیش لە سلێمانییە

پارێزگاری هەولێر گەیشتە تاران

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران، بڕیارە بەشداریی ئێران ئێكسپۆ 2025 بكات.

راگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئەمشەو بڵاویكردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 27.4.2025 پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی لە تاران و لەلایەن نوێنەری وەزارەتی دەرەوە و نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی ئێران و جێگری پارێزگاری تاران، هەروەها ژمارەیەکی تر لە بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە بە گەرمی پێشوازیی لێ کرا”.

“وا بڕیارە پارێزگاری هەولێر و شاندی یاوەری کە پێکهاتووە لە شاکر حوسێن، بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، مەسعود باتلی، بەرپرسی کۆمەڵگای سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، لە چوارچێوەی سەردانەکەیان بۆ ئێران، جگە لە بەشداریکردنی لە پێشانگای نێودەوڵەتی (ئێران- ئێکسپۆ 2025) بە جیا لەگەڵ هەریەک لە پارێزگارانی تاران، قەزوین، زنجان، ئازربایجانی رۆژئاوا – ئورمیە  کۆببنەوە.

كونسوڵی نوێ گەیشتە سلێمانی

ئەمە لە كاتێكدایە هەر ئەمڕۆ پارێزگاری سلێمانی د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، لە سلێمانی پێشوازی لە ئەحمەد رەزا رستگار، کونسوڵی یەکەمی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی و شاندی هاوڕێی كرد.

بەپێی راگەیاندراوی پارێزگای سلێمانی، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر پەیوەندییە کولتووری و ئابووری و زانستییەکان كرد.