لەسەر داهاتی شارەوانی
دوای چوار ساڵ یاریگە تاقانەکەی گەرمک نۆژەنکرایەوە
+964
کامیار کەمال- پێنجوێن
ماوەی چوار ساڵ بوو گەنجانی ناحیەی گەرمک بۆ یاریکردن دەچوونە سەرسوراو و پێنجوێن بۆ ئەوەی کاتژمێرێک یاریی بکەن، بەڵام لە ئەمڕۆوە بوونەوە خاوەن یاریگای خۆیان.
سەروەر شێخ عەبدوڵا، سەرۆک شارەوانیی گەرمکە و دوومانگێکە دەستبەکار بووە، بە964ی راگەیاند، لەسەر نەسرییەی شارەوانی یاریگەكەیان نۆژەنکردووەتەوە و تێچووەکەی یەک ملیۆن و 700هەزار بووە.
وتیشی، چیمەنی دەستکرد و رووناكی و ئۆفیسەکەی بە تەواوی تێكچبوو، بەڵام ئەوان هەموویان نۆژەنکردووەتەوە و ئەمڕۆش یاریگەکەیان بەرووی گەنجاندا کردەوە.
ئەوان یاریگەکە دەخەنە زیادکردنی ئاشکراوە و هەرکەس دەتوانێت وەریبگرێت، بەڵام مەرجە یاریگەکە بەبێ کێشە رادەست بکاتەوە و لە داهاتوودا بانگەواز دەکەن، ئەمەش قسەی سەرۆكی شارەوانیی گەرمكە.
ناحیەی گەرمک لە قەزای پێنجوێن خاوەنی 100 گوندە و دانیشتووانەکەشی نزیکن لە دە هەزار کەس و سەرقاڵی کاری کشتوکاڵی و چەند کارێکی حکومین و هاوکات سەیرانگای گۆڵێ و مەرزی سەیرانبەن لەسەر ئەم ناحیەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا