كۆمەڵێك بڕیار و رێنمایی دەرچوون

هەولێریش بۆ رووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون بەخۆكەوت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

بە سەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە نەخۆشى (تای خوێن به‌ربوون) ئەنجامدرا و چەند بڕیار و رێنماییەكی توند دەرچوون.

راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 27.4.2025، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە بەرگرتن و خۆپارێزیى لە نەخۆشى (تای خوێن به‌ربوون) (الحمی النزفیه‌) کە نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسی مه‌ترسیداره‌ بۆ سه‌ر ژیانی مرۆڤ و له‌ رێگه‌ی ئاژه‌ڵه‌وه‌ بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه‌ و هه‌ندێكجار له‌ مرۆڤه‌وه‌ بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە، ئەنجامدرا.

وەك لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ بارودۆخی تای خوێنەربوون لە عێراق كرا، كە تا ئێستا لە هەرێمى کوردستان هیچ حاڵەتێکى ئەم نەخۆشییە بەدی نەکراوە، بەڵام لە پێناو کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە و پاراستنى سەلامەتیى گیانى هاوڵاتیان و رێگەگرتن لە مەترسییەکانى بڵاوبوونەوەى تاى خوێنبەربوون، کۆبوونەوەكە گەیشتە ئەم بڕیارانەى خوارەوە:

یەکەم/ بە هیچ شێوەیەک رێگا نادرێت ئاژەڵ لە دەرەوەى کوشتارگەکان بەبێ پشکنینى ڤێتەرنەرى سەرببڕدرێت، لە بەردەم دوکان و شەقامەکان، لە ماڵان، ئەرکى قایمقام و بەڕێوەبەرى ناحیە و شارەوانى و لیژنەکانى تەندروستی و لیژنەى چاودێریى بازاڕە، رێگرى لەو کارانە بکەن، هەرکەس و لایەنێک سەرپێچى بکات رێکارى توندى یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.

دووەم/ قەسابەکان پابەند بن بە رێنماییە تەندروستییەکان بە لەبەرکردنى کەلوپەلى خۆپارێزى.

سێیەم/ پێویستە هاوڵاتیان گۆشتی سوور لە شوێنى رێگەپێدراو بکڕن و دەستکێش لەدەست بکەن و هیچ برینێک نەبێت و تەختەى لەتکردنى گۆشت لە تەختەى لەتکردنى سەوزە جیاواز بێت.

چوارەم/ بەهاوکارى یەکە کارگێڕیەکان، دەست بکرێت بە هەڵمەتى شوشتن و رشاندنى ئاژەڵى خۆماڵى.

پێنجەم/ لەلایەن هۆبەکانى ڤێتەرنەرى و موختارى گوندەکان، هەموو ئەو هاوڵاتیانەى خاوەنى ئاژەڵن و کارى ئاژەڵدارى دەکەن، ئاگادار بکرێنەوە لە رشاندنى ئاژەڵەکانیان بە دەرمانى دژە (قرنە) کە ئێستا بەردەوامە.

شەشەم/ رشاندنى گۆڕەپان (مەیدان)ى ئاژەڵان بەگشتى کە ئێستادا دەستى پێکردووە.

حەوتەم/ خاوەنى کێڵگەکان و بازرگانانى ئاژەڵان، دەبێت پابەندبن بە رشاندنى ئاژەڵەکانیان بە سەرپەرشتى ڤێتەرنەرى.

هەشتەم / دەبێت باخچەکانى ئاژەڵانى سنوورى پارێزگاى هەولێر، لە ژێر سەرپەرشتى ڤێتەرنەرى هەموو ئاژەڵەکانیان بشۆن و بڕشێنن.

نۆیەم/ هاتنى ئاژەڵ و گۆشت لە دەرەوەى شارى هەولێر بەبێ پشکنینى ڤێتەرنەرى و پزیشکى، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.