کەلار
کەمپی ئاوارەکانی تازەدێ دەکرێتە فیرقەی پێشمەرگە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
کەمپی تازەدێ دەکەوێتە گوندی تازەدێی نزیک قەزای کەلار، لەکاتی سەرھەڵدانی داعش لە عێراق، بۆ ئەو خەڵکانەی ناوچەکانی خوارووی عێراق دروستکرا کە ئاوارەبوون، لەساڵی 2024 کەمپەکە چۆڵکرا، ئێستا کراوە بە فیرقەی ھێزی پێشمەرگە.
لیوا روکن ئیبراھیم ساڵح، فەرماندەی فیرقەی شەش بە 964ـی وت، “بەپێی یاداشتێکی نێوان وەزارەتی پیشمەرگەی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، ھێزی پێشمەرگە رێکدەخرێنەوە و یەکدەخرێن لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە”.
“لیواکانی پێشمەرگە لە سنووری گەرمیان کراون بە فیرقەیەک، بەناوی فیرقەی شەش، بارەگاکەی لە کەمپی ئاوارەکانی تازەدێ دەبێت، سەرقاڵی پێکھێنانی فیرقەکەن ھێشتا تەواو نەبووه و ئێستا تەنھا بارەگاکەی دروستبووە”،ئیبراھیم ساڵح وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە گەرمیان پێویستمان بە جێگا ھەبوو، بەرپرسانی سنوورەکە ئەو کەمپەیان بۆ پێشنیار کردین چونکە کەمپەکە چۆڵە و نزیکەی دوو مانگە کەمپەکەمان وەرگرتووە و کردوومانە بە بارەگای فیرقەکە”.
لیوا روکن ئیبراھیم ساڵح وتیشی، کەسی تازە دانامەزرێنن، ھەر ئەوانەی لیواکانن بۆ رێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە دەکرێنە فیرقەیەکی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە فیرقەی شەشی گەرمیان لە نزیکەی دوو ھەزار و 200 پێشمەرگە و ئەفسەر پێکدێت”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی