دوای کلاسیکۆ
لە ئیسکان پێنج تۆن و نیو زبڵ و خاشاک کۆکراوەتەوە
964+
شۆڕش قادری
ژینگەپارێزان نەبن، پایتەخت دوای هەر یارییەکی بارسێلۆنا و ریال مادرید بۆگەن دەکات، دوێنێ شەو هاندەرانی ئەو دوو تیپە لە شەقامی ئیسکانی هەولێر نزیکەی پێنج تۆن و نیو زبڵ و خاشاکیان دوای خۆیان جێهێشت و لەلایەن تیمەکانی ژینگەپارێزەوە هەڵگیرایەوە.
ژیار جەلال بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی هەولێر بە 964ـی وت، “شەوی رابردوو هەر دوای یارییەکەی بارسێلۆنا و ریال مادرید تیمەکانمان دەستیان کرد بە پاککردنەوەی شەقامی ئیسکان و بە پاشماوەی خواردنگەکان و لایەنگرانی ئەو دوو تیپە، پێنج تۆن و نیو زبڵ و خاشاک کۆکراوەتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو جارێک لەکاتی بەڕێوەچوونی کلاسیکۆی ئیسپانیا و بڵاوکردنەوەی لە شاشەی تیڤییەکان لە ئیسکان، نزیکەی ئەو بڕە، زبڵ و خاشاک کۆ دەکرێتەوە.
کاتژمێر 11ـی شەوی رابردوو 26.4.2025 یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا لە نێوان دوو یانە زەبەلاحەکە، بارسێلۆنا و ریال مادرید بەڕێوەچوو و یارییەکە لە بەرژەوەندی بارسێلۆنا و بە ئەنجامی 3 گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ کۆتایی هات.