دواین ئامار؛ هەشت گیانلەدەستدان، شەش بێسەروشوێنبوو، 750 کەس بریندار

“تەقینەوەکەی ئێران بەهۆی هەڵە گواستنەوەی پێکهاتەیەک بۆ دروستکردنی سوتەمەنی موشەک روویداوە”

964+

شۆرش قادری

تادێت نهێنی و وردەکاری زیاتر دەربارەی تەقینەوە بەهێزەکەی ئەمڕۆی ئێران ئاشکرا دەبێت، کە بەپێی دوایین ئامار و تا ئێستا هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە، شەش کەس بێسەروشوێن بوون و نزیکەی 750 کەسیش برینداربوون.

ئەمڕۆ شەممە 26.4.2025 لە بەندەری شەهید رەجایی لە شاری بەندەر عەباس لە پارێزگای هۆرمۆزگانی ئێران، تەقینەوەیەکی بەهێز روویدا، هەرچەندە تا ئێستا میدیاکانی ئەو وڵاتە هۆکاری رووداوەکەیان ئاشکرا نەکردووە و دەڵێن نەزانراوە و لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە بەردەوامە، بەڵام ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێتدپرێس لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەكردووە، تەقینەوەکە بەهۆی هەڵە گواستنەوەی بارێک لە پێکهاتەیەکی کیمیایی دەگەڕێتەوە کە بە سۆدیۆم پێرکۆلۆرەیت ناسراوە و بۆ دروستکردنی سووتەمەنی موشەک کەڵکی لێ وەردەگیرێت، ئەو بارەش مانگی سێی ئەمساڵ بە کەشتییەک گەیەنراوەتە بەندەرەکە.

ئەو پێکهاتەیە بەشێکە لەو بارەی کە لەلایەن چینەوە و بە دوو کەشتی رەوانەی ئێران کراوە و ئەم زانیارییەش مانگی یەکی ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لەلایەن رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی ئاشکرا کراوە.

بەرپرسانی ئێران بەردەوام ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە و بە پڕوپاگەندە وەسفیان دەکەن و داوا لە خەڵکی وڵاتەکە دەکەن، تا روونبوونەوەی راستییەکان فریوی ئەو جۆرە هەواڵانە نەخۆن.

بەپێی دوایین ئامار کە سات بەسات لەلایەن میدیاکانی ئێرانەوە بڵاودەبێتەوە و ئەپدەیت دەبێتەوە، تا ئێستا هەشت کەس لە تەقینەوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، شەش کەس بێسەروشوێن بوون و نزیکەی 750 کەسیش بریندارن.

تەقینەوەکە کاردانەوەی گەورەی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێرانی لێکەوتووەتەوە، چەند کاتژمێرێک دوای تەقینەوەکە وەزیری ناوخۆی ئێران گەیشتە بەندەر عەباس و سەرۆک کۆماریش داوای لێکرد بەزووترین کات هۆکاری رووداوەکە ئاشکرا بکەن.

فڕۆکەخانە و نەخۆشخانەکانی بەندەر عەباس کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە سەرجەم قوتابخانەکانیش بۆ سبەینێ داخران، وڵاتانی دەورووبەریش هاوخەمی خۆیان بۆ بنەماڵەی قوربانیانی رووداوەکە دەربڕی و ئامادەیی هەموو جۆرە هاوکارییەکیان راگەیاند، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم لە پەیامێکدا وتی، “سه‌ره‌خۆشی قوڵمان ئاراسته‌ى سه‌ركردايه‌تيى كۆمارى ئيسلاميى ئێران، خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى قوربانيانى تەقینەوه‌كه‌ى ئەمڕۆى بەندەری شەهید رەجایی لە شاری بەندەر عەباس ده‌كه‌ين، لەم ناخۆشییەدا هاوسۆز و هاوخه‌متانين”.

تەقینەوەکەی ئەمڕۆ لەکاتێکدا بوو کە گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان لە مەسقەتی پایتەختی عوممان بەڕێوەدەچوو کە خەڵکی ئێران و هەموو جیهانیش چاوەڕێی ئەنجامی ئەو دانیشتنانە دەکەن.

ژمارەى بریندارانى تەقینەوەکەى ئێران گەیشت بە 561 کەس

ژمارەى بریندارانى تەقینەوەکەى ئێران گەیشت بە 561 کەس

ژمارەى بریندارانى تەقینەوەکەى ئێران بۆ نزیکەى 200 کەس ب...

ژمارەى بریندارانى تەقینەوەکەى ئێران بۆ نزیکەى 200 کەس بەرز بوەوە