فیدراسیۆنى تۆپى پێى عێراق بۆ زاخۆ و نەورۆز:

یارییەکانتان بەبێ جەماوەر ئەنجام بدەن تا سزاکانتان یەکلایى دەبێتەوە

وریا فەتاح

هەرچەند ئەوە بڕیارى کۆتایى نییە، بەڵام لیژنەى تەمێکردن لە فیدراسیۆنى تۆپى پێى عێراق بریاریداوە تا سزاکانیان یەکلایى دەبێتەوە هەردوو یانەى نەورۆز و زاخۆ بەبێ هاندەر یارییەکانیان ئەنجام بدەن.

لە یارى رابردووى یانەى نەورۆز و زاخۆ کە لە یاریگاى نەورۆز بەڕێوەچوو، گرژى و ئاڵۆزى روویدا و بەهۆیەوە 62 هاندەر کە زۆرینەیان هاندەرانى زاخۆ بوون، بریندار بوون و بەهۆیەوە یارییەکە راگیرا و تەواو نەکرا.

لەسەر ئەو رووداوە، ئەمشەو فیدراسیۆنى تۆپى پێى عێراق، بریاریداوە هەردوو یانە یارییەکانیان بەبێ جەماوەر ئەنجام بدەن، تا ئەو کاتەى لێکۆڵینەوە لە رووداوى یارییەکەى رابردوو تەواو دەبێت و سزاکان رادەگەیەندرێن.

لاى خۆیەوە نەوا لەتیف، بەرپرسى راگەیاندنى یانەى نەورۆز بە 964ـى وت،” ئەگەر بڕیارە شایەنى تانە بێت و بزانین قورسە تانەى لێدەدەین، بەڵام ئێمە لەسەرەتاوە لە هەوڵداین بۆ ئەوەى سزاکانمان قورس نەبن”.

وەک باسى دەکات، دڵنیان کە هەردوو یانەى نەورۆز و زاخۆ لەسەر رووداوەکان سزا دەدرێن، بەڵام وەک ئەوەى باسى دەکات، هیوادارن سزاکان سوک بن و قورس نەبن.

“دامانناوە سزا دەدرێین، بەڵام بەشێکى کەمى خەتای ئێمەى تێدابووە و هۆکارى سەرەکى هاندەرانى زاخۆ بوون”، نەوا لەتیف واى وت.

یارییەکانتان بەبێ جەماوەر ئەنجام بدەن تا سزاکانتان یەکلایى دەبێتەوە