کۆڵى نەدا

خاوەن پێداویستی تایبەتە و دوای چەندین ساڵ خوێندن تەواو دەکات

ئاکام غەفور-سۆران

ئەرسەلان ئالانی گەنجێکی خاوەن پێداویستی تایبەتە لە خەلیفان، لە ساڵی 1986 دەست بە خوێندن دەکات و ئەمساڵ بەشی زانستى کۆمپیوتەر تەواو دەکات لە پەیمانگەیەکی سۆران.

ئەو خاوەن پێداویستە تایبەتە چیڕۆکی خوێندنی خۆی بۆ 964 باس دەکات و دەڵێت،”سەرەتای دەستپێکردنی خوێندنم بەهۆی ئەنفال و شەڕ نەمتوانی درێژەى پێ بدەم، دواتر لە ماڵەوە فێری ئەلف و بێی کوردیان کردم و دواى ئەوەش ماوەیەک لە حوجرەی فەقێیان خوێندم، لە ساڵی 1999ش بەشداریمکرد لە خولێکی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە گوندی ئالانە”.

ئەرسەلان کۆڵنادات لە خوێندن و لە رێگای تاقیکردنەوەی دەرەکی تاکو پۆلی نۆی ناوەندی دەخوێنێت، ماوەی پێنج ساڵیش لە خەلیفانەوە دێت بۆ سۆران تاکو خوێندنی پەیمانگا تەواو دەکات.

وەک ئەوەی خۆی باسی دەکات، زۆر تەنگەژە و ناخۆشی بینیوە تاکو خوێندنی تەواو کردوە، بەڵام جونکە خەونی فێر بوون و تەواو کردنی خوێندنی هەبووە، بەردەوام بووە کۆڵی نەداوە.

ئەو بە چاوى پڕفرمێسکەوە باسى هاوڕێیەکى دەکات کە سێ ساڵ بەیەکەوە خوێندویانە و دواتر لە شەڕى داعش گیانى بەخشتوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح