پێرێز و ئەنچیلۆتی. فۆتۆ: توویتەر
بایکۆت
پێرێز ئاوابکات سبەى شەو کلاسکیۆ نابینن
964+
وریا فەتاح
هەرچەندە بڕیارە سبەى شەو لە یارى کۆتایى جامى شا، ریال و بارسا رووبەڕووى یەکترى ببنەوە، بەڵام پێرێز گڕى بەرداوەتە ئامادەکارییەکان و ئەگەر هەیە سبەى شەو کلاسیکۆ روونەدات.
ریال بەسەرکردایەتى پێرێزى سەرۆک بەردەوامە لە هەڵوێستە توندەکانى دژى فیدراسیۆنى تۆپى پێى ئیسپانیا و رێگەى نەدا کارلۆ ئەنجیلۆتى راهێنەر و لۆکا مۆدریچ، بەشدارى کۆنگرەى رۆژنامەوانى ئەمشەوى پێش یارییەکە بکەن و کۆنگرەکەى هەڵوەشاندووەتەوە.
هەر ئەوە نەبوو، بە بڕیارى سەرۆک پێرێز، مەشق و راهێنانى یاریزانەکانیشى هەڵوەشاندووەتەوە و هیچ ئامادەکارییەک ناکەن.
ئەمە جگە لەوەى ئەو ئێوارەخوانەى ئەمڕۆ بە بۆنەى یارى کۆتایى جامى شا لەلایەن فیدراسیۆنى تۆپى پێى ئیسپانیا رێکخرابوو، پێرێز بایکۆتى کرد و نەچوو.
هەڵوێستە توندەکانى ریال و پێرێز دواى ئەوە دێت کە فیدراسیۆنەکە داوایەکى ریاڵى بۆ گۆڕینى ناوبژیوانى یارییەکە رەتکردبۆوە.
ئەمڕۆ ناوبژیوانى یارییەکە بە گریانەوە لە کۆنگرەى رۆژنامەوانى وتویەتى،”دڵتەنگم کە لە قوتابخانە بە منداڵەکەمیان وتووە باوکت دزە”، ریاڵ پێى وایە ئەو رەفتارەى ناوبژیوان راکێشانى سۆزى جەماوەرە بۆ پاساوهێنانەوە.
کەمتر لە 26 کاتژمێرى ماوە بۆ یارییەکە و هەنگاوەکانى پێرێز و توندى ریاڵ بەرامبەر فیدراسیۆنى تۆپى پێى ئیسپانیا، ئەگەرى ئەوە زیاد دەکات کە چارەنووسى یارییەکەى سبەى شەو ناڕونە.