شاندێکی ناردووە بۆ دیمەشق

لە رێگەى سوریاوە عێراق تاوتوێی ناردنی نەوت بۆ دەریای ناوەڕاست دەکات

964+
ئەحمەد مستەفا

شاندێکی فەرمی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی حەمید شەتری سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سوریا بۆ دیدار لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری راگوزەری سوریا و ژمارەیەک بەرپرسی حکومەت.

یەکێک لەو تەوەرانەی باس دەکرێ، ئەگەری نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکانی عێراقە بۆ گواستنەوەی نەوت لە رێگەی خاکی سوریاوە بۆ سەر دەریای ناوەڕاست.

شاندە فەرمییەکە لە بەرپرسانی، فەرماندەیی هێزەکانی سنووری سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتەکانی نەوت و بازرگانی، و دەسەڵاتی دەروازە سنوورییەکان پێکدێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، شاندەکەی عێراق لەگەڵ لایەنی سوریا لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پتەوکردنی رێکخستنەکانی پەیوەست بە دەستەبەرکردنی کەرتی سنووری هاوبەش و بەهێزکردنیان لە بەرامبەر هەر پێشێلکارییەک یان هەڕەشەیەک گفتوگۆ دەکەن.

لەگەڵ، فراوانکردنی دەرفەتی بازرگانی بۆ بەرژەوەندی دوو گەلی برا، هەروەها دیراسەکردنی ئەگەری نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکانی عێراق بۆ گواستنەوەی نەوت لە رێگەی خاکی سوریاوە بۆ دەریای ناوەڕاست تاوتوێ دەکەن.

گفتوگۆکانی شاندی عێراق لە دیمەشق دووپاتکردنەوەی پشتیوانی و پابەندبوونی عێراق بە یەکێتی و سەروەری خاکی سوریا و گرنگی سەقامگیری سوریا بۆ ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و ئاسایشی ناوچەکە، ئەوەش بەپێی هەمان بەیاننامە.

رۆژی 17.7.2023، باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق وتی، عێراق بەدوای دەروازەی تری هەناردنی نەوتەكەیدا دەگەڕێت، بۆیە پێشبینی كرد كە حكومەتی عێراق ئامادە بێت بۆ تاوتوێكردنی ئەو بابەتە لەگەڵ سووریا بۆ زیندووكردنەوەی بۆری گواستنەوەی نەوتی عێراق بەرەو بەندەری بانیاسی سووری لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست.

ئەوکات کە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد کۆتایی پێ نەهاتبوو وترا، ئەوە لە حاڵەتێكدا دەبێت كە دۆخی سووریا باشتر بێت، بەوەش هەلی زیاتر بۆ عێراق دەرەخسێت بۆ هەناردنی نەوتی زیاتر و گەیشتنی بە شێوەیەكی خێراتر بۆ دەریای سپی ناوەڕاست و دەستی كڕیارانی.

هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سوریاوە ...

هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سوریاوە بەرەو عێراق هاتن