بەڵێنەكەی بردەسەر

سەرۆک وەزیرانی عێراق یانەی دهۆكی خەڵات كرد

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

لە پای بردنەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی كەنداو، سەرۆک وەزیرانی عێراق یانەی دهۆكی خەڵات كرد.

لە بۆنەیەكدا لە بەغدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 24.4.2025 محەمەد شیاع سودانی پێشوازی لە تیپی تۆپی پێی یانەی دهۆک كرد و بەبۆنەی بردنەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی كەنداو، خەڵات و رێزلێنانی پێشكەش كردن.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڤیدیۆی پێشوازییەكەی یانەی دهۆكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، سەرۆكی تۆپی پێی عێراق و راوێژكاری وەرزشی سەرۆک وەزیران ئامادەبوون.

یانەی دهۆک رۆژی 15ی ئەم مانگە لە یاریی كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی كەنداو، توانی لە یانەی قادسیەی كوێتی بباتەوە و بۆ یەكەمجار نازناوەكە بۆ عێراق و كوردستان بەدەست بهێنێت.

رۆژی یارییەكەی دهۆک و قادسیە، سودانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆكی یانەی دهۆك عەبدوڵا جەلال بە شێوەیەكی كراوە ئەنجام دا و ئەوكات بەڵێنی بە یانەی دهۆک دا، ئەگەر نازناوەكە بەدەست بهێنن، پاداشتیان دەكات.