ویستوویانە دزەبكەنە ناو سلێمانیەوە
پاسەوانانی سنوور 22 کەسیان دەستگیر کرد
964+
محەمەد فاتیح
لە چوارچێوەی رێگریكردن لە حاڵەتەكانی دزەكردن و قاچاخچێتی، هێزەكانی پاسەوانی سنوور 22 كەسیان دەستگیركردووە كە ویستوویانە دزە بكەنە ناو شاری سلێمانییەوە.
فەرماندەیی هێزەكانى سنوور ئەمڕۆ پێنجشەممە 24.4.2025 بڵاویكردەوە، فەوجی سێیەم لە لیوای سێی سنووری لە چوارچێوەی فەرماندەیی سنووری هەرێمی یەكەم، توانیویانە 22 کەس دەستگیر بكەن، كە ویستوویانە بە نایاسایی لە سنوورە ئیدارییەكانی سلێمانی سنوور ببەزێنن.
روونیشیكردەوە، راپۆرتێكی فەرمی ئامادەكراوە و رێوشوێنی یاسایی پێویست لە دژ ئەو دزەكەرانە گیراوەتەبەر.
پاسەوانی سنووری عێراق، لە رووی کارگێڕی و داراییەوە سەر بە حکومەتی عێراقن، بەڵام سەربازەکانی ئەو هێزە لە ناوچەكانی هەرێم خەڵکی هەرێمی کوردستانن و ئەرکیان پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانە و رێگری لە كاری نایاسایی دەكەن وەك دزەكردن و قاچاخچێتی و هێنانی مادە هۆشبەرەكان.
