شارێک لە ژێر بۆردومان
ئۆكرانیا داوای دەستەخوشكیی نێوان هەولێر و كیێڤ دەكات
964+
محەمەد فاتیح
شاندێكی نوێنەرایەتیی سەرۆكی ئۆكرانیا لە هەولێرن و داوا دەكەن هەولێر ببێتە دەستەخوشكی كیێڤی پایتەختی ئەو وڵاتە، ئەمە لە كاتێكدایە كیێڤ ئێستا لە ژێر بۆردومانی سوپای روسیایە.
وادیارە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بووەتە جێگەی بایەخی ناوچەكە و وڵاتانی جیهان و له دوای بەردەوامبوونی له پتەوكردنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ جیهان، ئێستا ئۆكرانییەكان داوا دەكەن دەست بكرێت بە هەنگاونان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆسەى دەستەخوشکیی لە نێوان هەردوو شاری هەولێر و کیێفی پایتەختی ئۆکرانیا.
بەپێی راگەیەندراوێكی فەرمیی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.4.24، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر پێشوازی لە تامیلا تاشیڤە، نوێنەرى ڤلۆدیمێر زیلینسکى سەرۆکى ئۆکرانیا بۆ کاروبارى موسڵمانانى شارى کرێم و شاندێکى پەرلەمانى وڵاتەکە کرد و گفتوگۆ لە بارەی برایەتی و ئاشتی و خۆشەویستی و پێکەوەژیانى نێوان پێکھاتەکانی کوردستان کرا و جەخت لە برەودان بە پێکەوەژیانی ئایینی لە هەرێمى کوردستان کرایەوە.
لە راگەیەندراوەكەی پارێزگای هەولێردا هاتووە هەردوولا تەئکیدیان لە پتەوکردنى پەیوەندییە گشتیی و بازرگانى و ئابوورییەکانى نێوانیان کردەوە و راگەیەندرا كه دەرگاى هەولێرى پایتەخت بەڕووى هەموو کۆمپانیا و بازرگان و وەبەرهێنەرانى ئۆكرانیا کراوەيە، بۆ وەبەرهێنان لە شارى هەولێر و هەرچى پێویست بێت بۆ ئاسانکارى و هاریکاریان پێشکەشیان دەکرێت.
روونیشكراوەتەوە، شاندى میوان بە ئامانجى پێشخستنى زیاترى پەیوەندییەکان، داواکارى دەستەخوشکى لە نێوان هەولێر و کیێڤیان خستەڕوو، پارێزگارى هەولێريش خۆشحاڵى و رەزامەندى خۆى نیشان دا و ئامادەیى هەموو ئاسانکارى و هاوکارییەکى بۆ ئامادەکارى پڕۆسەى دەستەخوشکى و لێکتێگەیشتن و رێککەوتنى نێوان هەردوو شار نیشان دا.
هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان تا ئێستا پڕۆژەی دەستەخوشكی لەگەڵ چەند شارێكی ناوداری جیهان هەیە، لەوانە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا و شاری ناشڤێلی ئەمریكا.