نوێترین راپۆرتى DNO:

لە كێڵگەی تاوكی رۆژانە زیاتر له‌ 82 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ كێڵگه‌ى تاوكێ له‌ هه‌رێمی كوردستان رۆژانە زیاتر له‌ 82 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، ئه‌و كۆمپانیایه‌ى ئه‌م كاره‌ى كردووه‌ له‌ راپۆرتێكدا ده‌ڵێت، پشكی خۆی لە نەوته‌كه‌ فرۆشتووه‌تە كڕیارە خۆجێییەكان.

كێڵگه‌ى تاوكێ، دەكەوێتە رۆژهەڵاتی ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى زاخۆ.

كۆمپانیای DNOـی نەرویژی كە لەو كێڵگەیه‌ی هەرێمی كوردستان كاردەكات، ئەمڕۆ چوارشەممە راپۆرتێكی بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە چارەكی یەكەمی ئه‌مساڵ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و به‌پێی زانیارییه‌كانى ناو راپۆرته‌كه‌، تێكڕای ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە 82 هەزار و 81 بەرمیل نەوت و  پوختەی پشكی كۆمپانیاكەش رۆژانە 18 هەزار و 464 بەرمیلی نه‌وت بووه‌.

به‌پێی داتاكانى ئه‌م كۆمپانیایه‌ ئاستى به‌رهه‌مهێنانى چاره‌كى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵ له‌ ساڵى پار زیاتر بووه‌ كه‌ پارساڵ رۆژانه‌ى به‌رهه‌مه‌كه‌ى بریتی بووە لە 76 هەزار و 310 بەرمیل بووه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵیشدا هاوشێوەی پێشتر، پشكی خۆی لە نەوتی كوردستان فرۆشتوە بە كڕیارە خۆجێییەكان و پێشوەختە پارەكەی وەرگرتوە.