ساتی دروستبوونی گرژییەکان. فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
بەهۆی شەڕی هاندەرانەوە
نزیکەی 200 کورسی یاریگەی نەورۆز شکێنراون
964+
ژووری هەواڵ
لە گرژی و ئاڵۆزیی نێوان هاندەرانی هەردوو یانەی نەورۆز و زاخۆ زیانێکی زۆر بەر یاریگەی نەورۆز کەوتووە، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی نەورۆزیش بڕی زیانەکان و هۆکاری دروستبوونی گرژییەکان بۆ 964 باس دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23.4.2025، جێگر عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی نەورۆز بە 964ـی راگەیاند، لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هاندەرانی نەورۆز و زاخۆ، 200 کورسی شکێنراون.
لەبارەی هۆکاری دروستبوونی گرژییەکان، جێگر عەبدوڵا وتی، دوای تۆمارکردنی گۆڵێک لەلایەن یانەی زاخۆ و هەژمارنەکردنی بەهۆی ئەوەی کە “ئۆفساید بوو”، پشێوی لە نێو هاندەران سەریهەڵدا.
هاوکات بەشێک لە بەربەستەکانی نێو شوێنی دانیشتنی هاندەران و یاریگەکە شکێندراون.
سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی نەورۆز دەڵێت، ئەنجوومەنێکی لێکۆڵینەوە دروستکراوە بۆ لێکۆڵینەوە و دەرخستنی راستییەکان.
لە بارەی دەستگیر کردنی ئەو کەسانەی کە بوونەتە هۆی دروستبوونی گرژییەکان، سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە 964ـی وت، دەسەڵاتەکان دراون ئەو ئەنجوومەنەی کە بۆ لێکۆڵینەوە دروستکراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا، بڵاویكردەوە، بەهۆی گرژییەکانی شەوی رابردوو لە كاتی بەڕێوەچونی یاریی نێوان یانەی وەرزشی نەورۆز و یانەی وەرزشی زاخۆ لە یاریگەی نەورۆز لە شاری سلێمانی لە خولی تۆپی پێی ئەستێرەکانی عێراق، 62 هاوڵاتی برینداربوون.