بەڕێوەبەڕی قوتابخانەكه‌ی بەردەقارەمان ده‌نگۆیه‌ك ره‌تده‌كاته‌وه
“سه‌رتاشینى حه‌وت قوتابیه‌كه سزا نه‌بووه و هاوكاریكردنیان بووه”
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
دەنگۆی سەرتاشینی قوتابیانی قوتابخانەی رازی بنەڕەتی لە شارۆچكەی بەردەقارەمان وەكو سزایه‌ك باس ده‌كرێت، به‌ڵام بەڕێوەبەری قوتابخانەكە ئه‌وه رەتدەكاتەوە و دەڵێت، دووان لە قوتابییەكان ئامۆزای خۆیه‌تى.
قوتابخانەی رازی بنەڕەتی، دەكەوێتە شارۆچكەی بەردەقارەمانى سنوورى قه‌زاى بازیان و لە پۆلی یەكه‌م تاوه‌كو شەشه‌می بنەڕەتی هەیە و خاوەنی 529 قوتابییە.
لەبارەی راستی و دروستی ئه‌و ده‌نگۆیه‌ى له‌سه‌ر قوتابخانه‌كه‌یان بڵاوبووه‌ته‌وه، پشتیوان غازی بەڕێوەبەری قوتابخانە بە 964ـی وت، سەرلەبەری ئەو هەواڵە ناڕاستە و ئه‌وان وەكو هاوكاریكردنی خێزانەكانیان هەستاون بە چاككردنی سەری قوتابییەكانیان، ده‌شڵێت “ئه‌وه‌ى كراوه لەسەر رەزامەندی دایك و باوكی قوتابییه‌كان بووه و ئەوانیش ئاگاداربوون”.
وتیشی “لەسەر گیرفانی خۆم مەكینەیەكی سەرتاشینم بە 17 هەزار كڕیووە و مامۆستایەكی خۆمان سەرتاشە و كارى سەرچاككردنه‌كه‌ى بۆ كردوون”.
ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەی قوتابییەكان حه‌وت قوتابی بووە، دووانیان قوتابی پێنجی بنەڕەتی و پێنجیشیان قوتابی شەشەمی بنەڕەتین، قوتابییەكان قژیان زۆرهاتبوو و باوكیان بەهۆی سەرقاڵیان بە كار‌و كەسابەتەوە مەجالیان نەبووە و ئه‌وانیش وەكو لایەنێكی خێرخوازی و مرۆڤایەتی كارەكەیان كردووە، نەوەك سزا بووبێت بۆ ئه‌م قوتابیانه.
به‌قسه‌ى ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره، یەكێك لە مامۆستاكان وەكو ئاژەوەگێڕی ئەو هەواڵەی شێواندووە و بڵاویكردووەتەوە، كە پێشتر بەرپرسیاریەتی هەبووە لە قوتابخانەكەدا و لابراوە، وەكو تۆڵەكردنەوە ئەو هەواڵەی بەو جۆرە بڵاوكردووەتەوە.
ناوی هەر حەوت قوتابییەكە و ژمارە موبایلی كه‌سوكاریان نێردراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی و وەزارەتی پەروەردە، بۆ ئەوەی خۆیان قسە لەگەڵ باوكی قوتابییەكان بكەن و لەدۆخەكە ئاگادار بن.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن