تای خوێنبەربوون
رێکاری پێویست گیراوەتەر
سلێمانی ترسی لە تای خوێن بەربوون نییە
964+
دیلان محەمەد جەزا
مەترسی تای خوێنبەربوون لە عێراقدا بڵاوبووەتەوە و پارێزگای سلێمانی بە پاکترینی سەر ئاستی عێراق دادەنرێت، بەڕێوەبەری کوشتارگەی سلێمانی دەڵێت، ئەم ماوەیە خۆتان لە گۆشتی برژاو بە دوور بگرن.
دکتۆر شاڵاو عارف بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی بە 964ـی وت، لەکاتی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما گومانی دروست بوونی ئەو گەنەیە دەکەن کە گوازەرەوەی ڤایرۆسی تای خوێنبەربوونە، ساڵانە لەم کاتانەدا پلانی تایبەتیان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو نەخۆشیە و ئاسانە کۆنتڕۆڵکردنی.
باسی لەوەکرد، گرنگترین رێوشوێنی رێگرتن لەو نەخۆشیە خۆپارێزیە، رێکارەکان لەناو خانەکانی ئاژەڵی زیندووی تێدایە لەگەڵ هۆڵەکانی کوشتارکردن بە شێوەیەکی ورد گیراونەتە بەر لە کوشتارگەی سلێمانیدا، ڤایرۆسێکی ناسکە و بەو ماددانەی دەیڕشێنن لەناو دەچێت.
ئەوەی خستەڕوو، تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی تای خوێن بەربوون لە سلێمانی نەبووە، لەبەرئەوەی سەرەتای بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمایە، ڤایرۆسەکە دەکرێت لە هەر شوێنێک رێگری لێبکرێت، لەبەر ئەوەی لە کاتی کوڵاندا لە پلەی 60 لەماوەی 15 خولەکدا لەناو دەچێت و لە کاتی بەستن 20 پلەی ژێر سفر لە ماوەی 48 کاتژمێردا لەناو دەچێت.
ئەو گۆشتانەی لە کوشتارگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانین سەرجەمیان متمانەیان هەیە و مەترسیان نییە، بەڵام ئەو گۆشتانەی لەسەر شەقامەکانن چاودێرییان لەسەر نییە و هاوڵاتیان خۆیانی لێ بەدوور بگرن، شاڵاو عارف وای وت.
وتی:”ڤایرۆسی تای خوێن بەربون بە کوڵاندن لەناو دەچێت، بەڵام بە برژاندن لەناو ناچێت و هاوڵاتیان خۆیان بە دوور بگرن لێی”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی