لە هەولێر کۆبوونەوەکە کراوە

هەردوو حکومەت و ئەپیکۆر هەناردەی نەوتیان تاوتوێ کردووە


ئەحمەد مستەفا

حکومەتی عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەبەرهێنی نەوت لە هەولێر کۆبوونەوە، سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم دەڵێ، “پرسی هەناردەی نەوتمان تاوتوێ کردووە”.

کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 20.4.2025، لە باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران ئومێد سەباح رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کار و چالاکییەکانی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنی نەوت کرا، هەردوولا پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت تاوتوێکرد، لە بەرامبەردا گوێ لە بیروڕای کۆمپانیاکانی وەبەرهێنی نەوتیش گیرا.

سەرەڕاى چەند گەڕێکى دانوستان، چارەنوسى پڕۆسەى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان بەنادیارى ماوەتەوە و کۆمپانیاکانى نەوت، پاراستنى گرێبەستەکانیان و رێککەوتنێک، كە گەرەنتى شایستەکانى رابردوو و داهاتوویان بکات، کردووەتە مەرجى دەستپێکردنەوەى بەرهەمهێنان و رادەستکردنى بە کۆمپانیاى سۆمۆ بە مەبەستى هەناردەکردنى.

كۆمەڵەی پیشەسازی نەوت لە كوردستان “APIKUR” کە سەرجەم کۆمپانیاکانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت دەگرێتەوە، لە تۆڕی ئێکس پێشتر، ئاماژەی بەوەکردووە، کۆمپانیاکانی ئەندام لە كۆمەڵەكەیان بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ رێکەوتنێكی دادپەروەرانە و شەفاف.

کەى نەوتى هەرێم راگیرا؟

دوای بڕیارێکی دەستەی ناوبژیوانى پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا، رۆژى 25ـى ئادارى 2023، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیرا.

لەکاتێکدا بۆریى نەوتى عێراق- تورکیا، زیاتر لە دوو ساڵ هەناردە نەوتى لێوە ناکرێت، بەڵام بەپێى ئەو زانیارییانەى کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) خستویەتییەڕوو، عێراق رۆژانە 800 هەزار دۆلار سزا دەدات ئەوەش لەبەر ئەوەى نەیتوانیوە مەرجى رێککەوتنەکە بۆ بۆریى نەوتى عێراق- تورکیا جێبەجێ بکات.

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان “ئەپیکۆر” لە هەشت کۆمپانیای سەرەکیی بەرهەمهێنەری نەوت پێکدێت، لە دواى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێم رۆژانەى 200 هەزار بەرمیل لە نەوتى هەرێم بەرهەم دەهێنن و لە ناوخۆدا ساغى دەکاتەوە.