هەنگەکان لە ترسان نایەنە دەرەوە
باڵندەیەکى کۆچەرى بووەتە مۆتەکە بۆ هەنگەوانان
964+
وریا فەتاح
هەنگەوانانى سلێمانى بڕستیان لێبڕاوە بەدەست باڵندەیەکى کۆچەرى، چونکە هەنگەکانیان دەخوات، هەر ئەوەش نا، هەنگەکان لە ترسا ناوێرن لە کورە بێنە دەرەوە و کاسپى بکەن.
عوسمان مەجید کە هەنگەوانێکى بە ئەزموونى سنوورى سلێمانییە، بە 964ـى وت،”حاڵ و گوزەرانمان نەماوە بەدەست باڵندەیەکى کۆچەرى رەزاگران، چونکە لەسەر لاشەى هەنگەکان دەژیت و دەیانخوات”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، ئەو باڵندە کۆچەرییە، ساڵانە لە 1.4 تا 1.10 دەبێتە میوانێکى رەزاگران، لەو ماوەیەدا بەس لەسەر خواردنى مێرووەکان و هەنگ دەژیت.
“تا هەنگ لەوێ بێت، مێرو ناخوات”، عوسمانى هەنگەوان واى وت.
ئەو هەنگەوانە کە وەک دەردەکەوێت حاڵى پەرێشانە بەدەست ئەو باڵندەیەوە، روونى کردەوە کە رازین بەوەى هەنگەکان بخوات، بەڵام کێشەى سەرەکیان ئەوەیە هەرکە هەنگەکان گوێیان لەو باڵندەیە دەبێت یان هەستى پێدەکەن، ناوێرن لە کورە بێنە دەرەوە و کاسپى ناکەن، وەک دەڵێت: لە ترسا بۆخۆیان لە ژوورەوە جینگڵ نادەن.
ئەو باڵندەیە لە جۆرى چۆلەکەکانە، ناوى جیاجیاى هەیە، لە سلێمانى بە کەندەسمە ناسراوە، لە هەولێر رەنگاڵەى پێ دەڵێن، بە شێوەزارى هەورامى پێى دەوترێت هەنگ خۆرکە، هەندێکیش هەر لە عەرەبییەکەوە ناسیویانە کە (وەروەر)ـە.