لەگەڵ جلی كوردی دەیگونجێنن
بەهارە و كاتی گەشتە بازاڕ بازاڕی تەسبیح فرۆشانە
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
بازاڕی تەسبیح فرۆشانی سلێمانی لە دۆخێكی باشدایە و فرۆشیارانی دەڵێن، هەر كە بەهار هات بازاڕمان دەبوژێتەوە.
بەشێكی بازاڕی تەسبیح فرۆشانی سلێمانی دەكەونە مەزادخانەكەی خوارەوە و هەردوو جۆرەكانی تەسبیحی قەزوان (لاسورە، لارەشە، ئەبڵەق)، تەسبیحی شوشەیی (سەندەلوس، نەرجیل، عەقیق) لایان دەست دەكەوێت.
لەتیف حاجی محەمەد، یەكێكە لە كۆنترین تەسبیح فرۆشانی سلێمانی و پیشەكەی لە باوانییەوە بۆ ماوەتەوە و بە 964ـی وت، 57 ساڵە لەناو سلێمانی ئەوە كەسابەتمانە و تەنیا ئەم وەرزە بازاڕمان زۆرباشە، لەچاو وەرزەكانی دیكەی ساڵ بازاڕمان دوو ئەوەندە زیاترە، هەموو جۆرەكانی تەسبیح لە بازاڕەكە دەفرۆشرێت، زیاتر لە 20 جۆری تەسبیحی قەزوان و نزیكەی 40 جۆری شوشەیمان هەیە و هەریەكە و دڵخوازی جۆرێكی دیاریكراوە.
وتیشی، ئێمە تەنیا كارمان فرۆشتنی تەسبیح نییە، بەڵكو بەدڵی موشتەریەكانمان و لەسەر داواكاری خۆیان بۆیان دەهۆنینەوە و گڵونكەشیان بۆ دروست دەكەین و سمینی تەسبیحی قەزوانیش دەكەین.
“لەوەرزی بەهاردا، خەڵكی تاڵیبی تەسبیحە و لەگەڵ جلی كوردی دا بەكاریدەهێنێت، زۆرجاریش بەپێی رەنگ، شێوە و جۆری دورینەكەی دەیگونجێنن” ئەو تەسبیحفرۆشە وای بە 964 وت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی