چه‌ند دیمه‌نێك له مه‌راسیمی دانانى مۆنۆمێنتهكهى ئه‌نفال له له‌نده‌ن... وێنه‌كان له فه‌یسبووكى سه‌رباز به‌رزنجى وه‌رگیراوه.
قوربانیدانى كورد له‌ناو دڵى له‌نده‌ن دا
مۆنۆمێنتی ئه‌نفال به‌فه‌رمی له‌ناو حكومه‌تى خۆجێی لامبس جێگیركرا
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
مۆنۆمێنتى ئه‌نفال به فه‌رمی له‌ناو حكومه‌تى خۆجێی له‌نده‌ن له شانشینى به‌ریتانیا داندرا و پارێزگاره كورده‌كه‌ى پێشوی له‌نده‌نیش ده‌ڵێت، ئه‌مه وه‌ك رێزگرتنێكى فه‌رمی و دانپێدانانه به جینۆسایدی گه‌لی كورد.
سه‌رباز به‌رزنجی پارێزگاری پێشوی له‌نده‌ن – لامبس و سه‌رۆكی ئێستای گروپی كورد له پارتی كرێكارانی به‌ریتانیا له فه‌یسبووكه‌كه‌ى بڵاویكردووه‌ته‌وه، شانازییه‌كی مێژووییه كه مۆنۆمێنتی ئه‌نفال له باڵه‌خانه‌ی فه‌رمی حكومه‌تی خۆجێی له‌نده‌ن -لامبس، له دڵی له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا جێگیركراوه، ده‌شڵێت “خۆشحاڵ و سه‌ربه‌رزم كه ئه‌م شانازییه مێژوییه به‌ر من بڕاوه له‌جێگیركردنی مۆنۆمێنته‌كه و رێزگرتن له قوربانیانی ده‌ستی سته‌م و زۆرداری”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه، ئه‌مه بڕیارێكی ساده نه‌بوو، به‌ڵكو پابه‌ندبونێكی قووڵه به دانپێدانان به یه‌كێك له تاریكترین لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی هاوچه‌رخ، چونكه جینۆسایدی ئه‌نفال و هێرشه كیمیاییه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ڵه‌بجه، یادكردنه‌وه‌ی زیاتر له 182 هه‌زار رۆحی بێتاوانه كه له هه‌ڵمه‌تێكی دڕندانه و سیستماتیكدا كرانه ئامانج ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد بوون، هه‌روه‌ها یادی ئه‌و هه‌شت هه‌زار بارزانییه‌یه كه بێسه‌روشوێنكران و یادی ئه‌و ئازاره قووڵه‌یه كه كورده فه‌یلییه‌كان چه‌شتیان.
“ئه‌م مۆنۆمێنته ته‌نیا مۆنۆمێنتێكی ئاسایی یان پارچه هونه‌رێك نییه، به‌ڵكو نیشانه‌ی ڕێزگرتنه له قوربانیان، ستایشی خۆڕاگریی بێوێنه‌ی گه‌لی كورده و دانپێدانانێكی فه‌رمییه به‌و تاوانه گه‌ورانه‌ی دژ به مرۆڤایه‌تی كه روویانداوه، هه‌ر منداڵێك، دایك و باوكێك، هه‌ر تاكێك كه بووه قوربانی سته‌مكاری” ئه‌مه‌ش قسه‌ى سه‌رباز به‌رزنجی یه.
باسی له‌وه‌شكردووه، ئه‌ركی سه‌رشانیانه راستییه‌كان بڵێن، نه‌وه‌كانی داهاتو فێربكه‌ن و دڵنیاببنه‌وه كه ئه‌م تاوانانه هه‌رگیز له‌بیر ناكرێن و هه‌رگیزیش دوباره نابنه‌وه، ئه‌م مۆنۆمێنته شاهیدێكی هه‌میشه‌یی ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵێنه.