"مەترسی بۆ سەر گیانی خۆتان دروست مەکەن"

داوا لە هاوڵاتیان دەکرێت نەچنە نزیک چەم و رووبارەکانی دێرەلوک

شۆڕش قادری

بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینە چەند رۆژێکە رووی لە کوردستان کردووە، ئاوی چەم و رووبارەکان بەرزبووەتەوە، بۆیە بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی دێرەلوک داوا لە هاوڵاتیان دەکات نەچنە نزیک ئەو شوێنانە و مەترسی بۆ سەر گیانی خۆیان دروست نەکەن.

بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی دێرەلوک لە ئاگادارییەکدا دەڵێت، “داوا لە هاوڵاتیانی دەڤەرەکەمان دەکەین دووربکەونەوە لە چەم و رووبارەکان، بەتایبەتیش نەچنە نزیک پڕۆژەی هایدرۆپاوەر و بەنداوی گەلی رەشاڤە، چونکە ناوبەناو ئاوی ئەو شوێنانە دەگیرێتەوە و دووبارە بەردەدرێتەوە، ئەوەش مەترسی بۆ سەر گیانتان دروست دەکات”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێک جار هاوڵاتیان بۆ گەشت و سەیران و راوە ماسی دەچنە سەر ئاو و رووبارەکان، لە ئێستاشدا کە بەهۆی بارانبارینەوە، ئاوی ئەو شوێنانە بەرزبووەتەوە، یەکجار مەترسیدارە و بۆ ئەوە نابێت بەهیچ شێوە لێیان نزیک ببنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە مامۆستا ئاڤێستای تەمەن 27 ساڵ کە 5ـی ئەم مانگە کەوتەناو رووباری تەنگاتوور لە قەزای مێرگەسوور، تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.