دایکێکى ئەنفال گرافیک: 964+
37 ساڵ لەمەوبەر
ئەنفال…ئازارى نەتەوەیەک
964+
وریا فەتاح
پرۆسەی ئەنفال لە ساڵی 1988 لەلایەن رژێمی بەعس بە هەشت قۆناغ جێبەجێکرا، بەگوێرەی خەمڵاندنەکان زیاتر لە 182 هەزار لە ژن و منداڵ و پیاو شوێنبزرکران.
سەرەتای پرۆسەکە
حکومەتی بەعس بە واژۆی سەدام حسێن، بڕیاری ژمارە 4008ـى بۆ هەریەکە لە فەیلەقی (1 و 2 و 5) نارد، بڕیارەکە رێککەوتی 20.6.1987ـى بەسەرەوەیە، بە حەوت خاڵ بڕیاری چۆڵکردنی گوندەکانی هەرێمی کوردستانی دەرکرد.
عەلی حەسەن مەجید ئەندامی سەرکردایەتی هەرێمایەتی حزبی بەعس سەرپەرشتی ئەو پرۆسەیەی دەکرد.
لەبارەی ناونانی پرۆسەی ئەنفال، سوڵتان هاشم لە کاتی پرۆسەی دادگاییکردنی لەساڵی 2006 وتی “ئەوەی ناوی لە پرۆسەی ئەنفال نا، فەرماندەی فەیلەقی یەکی سوپای ئەو کاتەی عێراق لیوا روکن کامل ساجت جەنابی بوو”.
تاوانەکانى دژ بە گەلى کورد لە عێراقدا، زۆر لە پێش پڕۆسەى ئەنفالەوە دەستیپێکردووە، تەعریب و راگواستن و بێسەروشوێنکردن، ئەنفالى بارزانییەکان و دەیان کارەسات و زوڵمى دیکە، ناونیشانى دەسەڵاتە یەک لە دواییەکەکانى عێراق بوون بۆ گەلى کورد.
ئەگەرچی رژێمی بەعسى رووخاو تاوانی جۆراوجۆری لەدژی كورد وپێکهاتە نەتەوەییەکان بەكارهێناوە، بەڵام زوڵم و ستەمى ئەو رژێمە لە ئەنفالدا دەگاتە ترۆپک، دواى 37 ساڵ کاریگەرییەکانى ئەو پڕۆسەیەش تائێستا لەسەر رووخسار و دەروونى ئەنفالکراوان بەدى دەکرێت.
ئەنفالى دژ بە کورد، تەنیا لە کاتێکى دیاریکراو نەبووە، بەڵکو لە چەند کات و شوێنێکى جیاواز بووە و بەچەند قۆناغێک دیاریکراوە.
قۆناغی یەکەمی ئەنفال:
هەنگاوی یەكەمی جینۆسایدی كورد لە دۆڵی جافایەتییەوە دەستی پێكرد، لە 23ـى شوبات تاکو 19ـی ئازاری 1988، ئەم شاڵاوە بە هێرشکردن لە چەند قۆڵێکەوە بۆ سەر گوندەکانی سەرگەڵو و بەرگەڵوی دۆڵی جافایەتی دەستیپێکرد، بە درێژایی (80) کیلۆمەتر لە ناحیەی بنگردەوە بۆ رۆژهەڵاتی دەریاچەی دوکان و شارۆچکەی دوکان، لە وێشەوە بە ئاراستەی شاری سلێمانی تاکو شارۆچکەی ماوەت و چوارتاى لە ناوچەی شارباژێڕ گرتەوە.
قۆناغی دوەمى ئەنفال:
ئەم قۆناغەى ئەنفال بەرەوناوچەکانی قەرەداغ و بازیان و بەشێکی سنوری قەزای دەربەندیخان، بوو.
ئەم قۆناغەی پرۆسەی ئەنفال لە 22ـى ئازار تاکو یەکی نیسانی 1988ـی خایاند، تەکیە، سێوسێنان، سەگرمە، دەربەند باسەڕە، قۆپی قەرەداغ و چەندین شوێنی دیکەی ناوچەی قەرەداغی گرتەوە.
سەرەتای هێرشەکە بە کیمیابارانکردنی چەند شوێنێکی ستراتیژی دەستی پێکرد لەناویاندا گوندی سێوسێنان کە بوەهۆی شەهیدبوونی زیاترلە نزیکوەى 80 کەسی مەدەنی و زیاتر لە 50 برینداری لێكەوتەوە.
قۆناغی سێیەمى ئەنفال:
ئەمەیان بەگەورەترین و بەرفراوانترین قۆناغی پرۆسەی ئەنفال دادەنرێت کە لە 7ـی نیسان تاکو 20ـی نیسانی 1988ـی خایاند و ناوچەکانی دوزخورماتوو، قادرکەرەم، کەلار، کفری، چەمچەماڵ، تێلەکۆ، پێباز، سەنگاو، تەکیە، بەشێک لە ناوچەی ئاغجەلەری گرتەوە، قەبارەی ئەو زیانە گیانی و مادییانەی لەو قۆناغەی ئەنفالدا کەوتنەوە زۆر زیاتربوون بە بەراورد بە قۆناغەکانی دیکە.
لە رۆژی14ـی نیسانی 1988هێزەکانی رژێمی بەعس چوار شارۆچکەیان لەناوچەی گەرمیان لە یەک کاتدا خاپوور کرد و نزیکەی 20 هەزار ژن و منداڵ و پیاوی دانیشتوی ئەو ناوچانە بە دەستبەسەری بۆ سەربازگەی قۆرەتو رەوانە کران، بۆیە ئەم بەروارە وەک رۆژی یادکردنەوەی ئەو مەرگەساتە دیاری کراوە.
قۆناغی چوارەمی ئەنفال:
لە 8ـی نیسان تاکو 3ـی ئایاری 199ـی خایاند چەند ناوچەیەکی سەر بە هەرسێ پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و هەولێری گرتەوە کە پێکدێت لە ناوچەکانی ئاغجەلەر، شوان، دەشتی کۆیە، چەمی رێزان.
سەرەتای قۆناغی چوارەمی ئەنفال بە کیمیاباران کردنی گوندەکانی گۆپتەپە و عەسکەر لە رۆژی 3ـی ئایاری 1988 دەستیپێکرد .
سێ قۆناغى دواترى ئەنفال 5 و 6 و 7
ئەم قۆناغەی پرۆسەی ئەنفال ناوچەکانی شەقڵاوە و رواندوزی گرتەوە لە 15ـی ئایاری 1988دەستی پێکرد کە هاوکات بوو لەگەڵ کۆتا رۆژی مانگی پیرۆزی رەمەزان.
سەرەتای قۆناغى ئەنفالی شەش لە تەمموزی 1988، بە بۆردومانكردنی ناوچەكانی دۆڵی بالیسان و دۆڵێ مەلەكان و دۆڵی وەرتێ و دۆڵی هیران و سماقولی بە چەكی كیمیاوی دەستی پێكرد.
بەهۆی بەرگری هێزی پێشمەرگەوە، رژێمی بەعس نەیتوانی لە هێرش و پەلاماری یەكەمدا پیلانەكانی جێبەجێ بكات، بۆیە قۆناغی شەش و حەوتیشی تێكەڵ كرد.
قۆناغی هەشتەمى ئەنفال
ئەم قۆناغە لە دوای راوەستانی شەڕی عێراق- ئێران لە 25ـی ئاب تاکو 6ـی ئەیلولی 1988ـی خایاند، ناوچەکانی زاخۆ، ئامێدی، شێخان و ئاکرێی گرتەوە، سەرەتا ناوچەکە لەلایەن سوپای عێراقەوە بە بۆمبی هێشویی – کیمیایی بۆردومان کرا.
هەر لەچوارچێوەی ئەم قۆناغەی پرۆسەی ئەنفالدا سوپای عیراق بە پاڵپشتی دەیان هەزار جاش، پەلاماری گوند و چیاو دۆڵەكانی ناوچەکانی “زاویتە، ئەتروش، ئامێدی، سەرسەنگ، چیای مەتین، چیای گارەو هەردوو بەری زێی گەورەی دا.
گوندنشینەكانی ناوچەی بادینان زۆربەیان توانیان خۆیان بگەیەننە سنورەكانی توركیاو ئێران و بەشێكی تریشیان لەشاخو ئەشكەوتەكاندا خۆیان حەشارداو بەشێكی زۆریشیان دەستگیركرانو پیاوەكان بێسەروشوێنكرانو ژنو منداڵەكانیشیان ئازاد كران.