زیاتر لە هەزار رووفاتی تێدایە

گۆڕێکی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوان لە کەرکوک دۆزرایەوە

محەمەد فاتیح

گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە پارێزگای کەرکوك دۆزرایەوە، کە بە سەدان رووفاتی ئەنفالکراوانی تێدایە و تائێستا بە شاراوەیی ماوەتەوە.

هێمن حەسیب نووسەر و چالاکوانی بواری جینۆساید بۆ 964 قسەی كرد و وتی، “گۆڕە بەکۆمەڵەکە دەکەوێتە ناوچەیەکی دوورە دەست لە كەركوك و لە دەوروبەری گوندی تۆپزاوەیە، لە نزیکەی (100) دۆنم زەوی پێکهاتووە و زیاتر لە هەزار رووفاتی تێدايه”.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی بەدواداچونەکان، نزیکەی لە (80%)ـی رووفاتی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە، ئەنفالکراوانی سەردەمی رژێمی لەناوچووی بەعسن.

هێمن حەسیب وتیشی لە چەند کاتژمێری داهاتوودا سەردانی گۆڕە بەکۆمەڵەکە دەکەن و زانیاری زیاتر لەباری شوێنی بەخاکسپاردنی رووفاتەکان و دۆزینەوەی ژماریەكی دیکە لە رووفاتی ئەنفالكراوان لە دەورووبەری تۆپزاوە ئاشكرا دەكەن.