داعش رای سپاردووە
دانپێدانانی تۆمەتباری هێرشەکەی جەژنی ئەکیتۆ لە دهۆک بڵاوکرایەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دانپێدانانی تۆمەتباری سەرەکی رووداوکەی جەژنی ئەکیتۆی لە دهۆک بڵاوکردەوە، کە خەڵکی سوریا و لە کەمپی دۆمیزی پارێزگای دهۆک نیشتەجێ بووە.
تۆمەتبارەکە ناوی، لوئەی عەبدولڕەحیم رەمەزانە و بە “ئەبو جوهەیمان باغۆزی” ناسراوە و لە ساڵی 2003 لە دایک بووە.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەڵێ هێرشەکە تیرۆریستییەکی بوو کە 1.4.2025 لە ئاهەنگی جەژنی ئەکیتۆ لە شاری دهۆک روویدا و تۆمەتبار دانی بەوەدا ناوە، کە هەڵگری بیڕوڕای چەکدارانی داعشەوە و فەرمانی لە ئەوانەوە وەرگرتووە.
تۆمەتبارەکە لە کاتی قسەکانیدا، دان بەوەدا دەنێت، یەکێک لە قیادییەکانی چەکدارانی داعشی ناسیوە، بەناوی ئەبو سولەیمان، دواتر لە رێگەی چاتەوە پەیوەندییان بەردەوام بووە و داوای لی کراوە، بەیعەت بدات پێیان، ئەویش بەیعەتی پێ داون.
دواتر ئەو وانە و رێنوێنییە ئەمنییەکانی رێکخراوەکەی پێ گەیشتووە، لەگەڵ نامە دەنگییەکانی وتەبێژی داعش، کە بە قسەی تۆمەتبار هاندان بووە بۆ کردەوەی توندوتیژی لە بەرانبەر مەسیحییەکان و کوشتنیان، تۆمەتبار وەک خۆی باسی دەکات، رۆژێک تەور و چەقۆی کڕیوە و شوێنی هێرشەکەی دیاری کردووە.
رۆژی 1.4.2025 لە کاتێکدا، خەڵک لە پارێزگای دهۆک لە رێوڕەسمەکانی جەژنی رەمەزان و جەژنی ئەکیتۆ بوون، کەسێکی هەڵگری بیروباوەڕی داعش، بە ئامێرێکی تیژەوە لە ناو بازاڕ هێرشی کردە سەر هاوڵاتیان و دوو کەسی بریندار کرد.
