بە شێوەیەکی سەردەمیانە
تاقە سینەماکەی دهۆک دەڕووخێندرێت و لەگەڵ بازارێکدا دروست دەکرێتەوە
هێڤی دێوالی – دهۆک
چەند رۆژێکە شارەوانیی دهۆک خەریکی رووخاندنی بینای سینەمای نەورۆزە، وتەبێژی شارەوانیش دەڵێت، بازارێکی سەردەمیانە و سینەمایەکی نوێ دروست دەکرێت و هەر بەناوی نەورۆز دەمێنێتەوە.
سینەمای نەورۆز، تاکە سینەمای كۆنی پارێزگای دهۆکە، كە دەکەوێتە ناو بازاڕی دهۆک و بە بەردەوامی لەلایەن هاوڵاتیان و دانیشتووانی ناوچەکانی دەورووبەرەوە سەردان دەکرا بۆ سەیرکردنی فیلم، بەڵام 20 ساڵە داخراوە و شارەوانیی دهۆک هەفتەیەکە خەریکی رووخاندنی سینەماکەن.
ئیسماعیل مستەفا، وتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی دهۆک بە 964ـی وت، نزیکەی هەفتەیەکە تیمی شارەوانی خەریکی رووخاندنی سینەما نەورۆزن و بیناکە بە شێوازێکی نوێ و مۆدێرن دروستدەکرێتەوە.
وتیشی، پێشتر تەنیا سینەما بوو، بەڵام پلانەکە وایە بینایەکی پێنج نهۆمی دروست دەکرێت، چوار نهۆمی دەبێتە بازاڕێکی سەردەمیانە و هاوچەرخ و لە نهۆمی پێنجەم سینەمای نەورۆزیش دروست دەکرێتەوە.
باس لەوەش کرد، چەندین ساڵە سینەماکە داخراوە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەر لە دهۆک چەندین جار نوسراوی بۆ ناردوین و داوایان لێکردووین سینەماکە وەک خۆی لە بازاڕدا بمێنێتەوە چونکە وەکو سیمبولێکی شارەکەی لێهاتووە، بۆیە بڕیاردرا سینەمای نەورۆز لە بازاڕی دهۆک ئاوەدان بکرێتەوە و خزمەتی هاوڵاتیان بکات.
پێداچوونەوە: توانا نەقی