پلانێكی ستراتیژیان هه‌یه‌ تاوه‌كو 2035

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی باڵا پێداچوونه‌وه‌ به‌ دۆخى ئاو و خاک له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق كرا

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كى باڵا بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ دۆخى ئاو و خاك به‌ڕێوه‌چوو، تیایدا تاو و توێ كێشه‌و گرفته‌كان و ئاینده‌ى دۆخه‌كه‌ كرا، هه‌ردوو لایه‌نى هه‌رێم و به‌غداش بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ پلانێكی ستراتیژیان هه‌یه‌ تاوه‌كو ساڵى 2035.

کۆبونەوەیەک له‌هه‌ولێر له‌ نێوان تیمی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم، نوێنەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم، نوێنەری وەزارەتەکانی شارەوانی، سامانە سروشتیەکان، پلاندانان، کارەبا و دەستەی ژینگە، لەگەڵ وەفدی باڵای وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراقی فیدراڵ بەرێوەچوو.

وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى هه‌رێم بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى پلانی ستراتیجی به‌ڕێوه‌چوو كه‌ هه‌رێم و به‌غدا تاوەکو ساڵی 2035 ئامادەیان كردووه‌ و تیایدا کۆمپانیای هایدرۆنۆڤای ئیتاڵیش كه‌ تایبەته‌ بە راوێژکاری بۆ مەبەستی نوێکردنەوەی دیراسەی ستراتیجی ئاو و خاک لە عێراق و هەرێمی کوردستان، به‌شدار بووه‌.

لە کۆبونەوەكە تاوتوێی پێداچوونەوە بە داتا و زانیارییەکانی تایبەت بەدۆخی ئاو و خاک و ستراتیژی ئیدارەدانی ئاو و خاک کرا و دووبارە داواکرا کە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق و کۆمپانیای ناوبراو، کاربکەن بۆ ئامادەکردنی داتا و زانیارییەکان، بەمەبەستی دانانی لە بەرنامەی دیراسەی ستراتیژی ئاو و خاک لە داهاتوو.

پڕۆژەکانی بەنداو و دروستکردنی پۆند و پڕۆژەکانی ئاودێری و چۆنیەتی ئیدارەدانی ئاو، به‌شێكی دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بووه‌، لەسەر بنەمای پێشهاتوو گۆرانکارییە خێراکانی کەشوهەوا و كێشه‌ و چارەسەریەکان لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان قسه‌وباسیان كردووه‌.

هه‌ردوولا رێككه‌وتوون كه‌ کاربكه‌ن بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا، کە لەداهاتوودا زۆر گرنگە هەماهەنگیەکانی نێوان هەردوو لا زیاتر پەرەی پێبدرێ وەک پرسێکی هاوبەشی نیشتیمانیی چارەنووسساز.