ئەمڕۆ 300 کەس ژەمى نیوەڕۆیان خواردووە
هەتا مامۆستا ئاڤێستا دەدۆزرێتەوە خواردن لە شوێنەکە ئامادە دەکرێن
964+
ئاکام غەفور- بارزان
وەک دەڵێن کورد لە تەنگانەدا تاقى دەکرێتەوە، ئەوەتا 5 رۆژە مامۆستا ئاڤێستاى تەمەن 27 ساڵان لە رووبارى تەنگاتورى سنوورى بارزان خنکاوە، بەڵام بە درێژاى ئەو رۆژانە خەڵکى ناوچەکە هەموو ژەمێک خواردنى ئەو کەسانە ئامادە دەکەن کە بۆ سۆراغى تەرمى مامۆستا ئاڤێستا لەوێن.
زاهیر عەزیز کە خەڵکى سنوورەکەیە، خۆبەخشانە ئەرکى سەرپەرشتیکردنى خواردنەکەى گرتووەتە ئەستۆ، ئەو بە 964ـى وت،”تەنیا ئەمڕۆ خواردنى 300 کەسمان ئامادە کردووە، هەر رۆژە و سێ چوار کەسى سنوورەکە دێن و دەڵێن ئێمە خواردن دەهێنین، ئێمەش بەرنامەمان داناوە و هەر رۆژە و دوسێ کەس خواردن دەهێنن و ئێمەش لێرە ئامادەى دەکەین و بەسەر خانەوەداە و کەسوکارى خنکاوەکە و میوانان و تیمەکانى بەرگرى شارستانیدا دابەشى دەکەین”.
بە وتەى زاهیر عەزیز، خەڵکى سنوورەکە دوو دوو سێ سێ دەچن و دەڵێن ئێمە ئەمڕۆ خواردن دروست دەکەین، بۆیە ئەوانیش پلانێکیان داناوە بۆ رێکخستنى پلانەکە.
مامۆستا ئاڤێستا 5 رۆژە خنکاوە و تیمەکانى بەرگریى شارستانیش بە 120 کارمەند سەرقاڵى گەڕانن بۆ دۆزینەوەى.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح