ئاسایش بڕیاری قەدەغەکردنی داوە
ژمارەیەک هاوڵاتی: دراوە ئەلیکترۆنییەکان نەتیجەیان نییە
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
ئاسایشى هەولێر، مامەڵەکردن بە هەموو جۆرە دراوێکی ئەلیکترۆنى قەدەغە کرد و وتیشی، کۆمپانیاکانى فۆرێکس و دراوە ئەلیکترۆنییەکان لە هەرێمى کوردستان و عێراقدا رێگەپێدراو نین.
دواى چەندین سکاڵاى هاوڵاتیان و زەرەرمەندبوونیان، لەرێگەى ئەم کۆمپانیا و بڕۆکەرانە، ئەم بڕیارانە دراون و داواش لە هاوڵاتیان دەکەن، بۆ ئەوەى توشى زیانى مادى نەبن، دووربکەونەوە لەم جۆرە مامەڵانە و پارەکانیان بەفیڕۆ نەدەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێسەممە 8.4.2025، چووینە بازاڕ و رای هاوڵاتیانمان وەرگرت لەبارەی ئەو بڕیارەوە.
هیوا حەمید، کاسبکارێکی ناو بازاڕە بە 964ـی وت، “باشترین بڕیارە، چونکە زۆر کەس هەبوون بەهۆی دراوی ئەلیکتڕۆنییەوە زەرەرێکی زۆری کردوو و توشی هەزاران کێشە بووە”.
شادومان ساڵح، کاسبکارە و ئەویش هەمان رای هیوای هەبوو ئەو وتی، “لە سایەی ئەو دراوانەوە خەڵکێکی زۆر زەرەری کردووە و پارەیەکی زۆری خستووەتە ناو ئەو دراوانەوە، بەڵام سفر بووەتەوە و هیچ پارەیەکی نەما”.
سەبارەى بەو کۆمپانیایانەى لەژێر ناوى جیاجیا کارى فۆرێکس و کردنەوەى خوى فێربوونى چۆنییەتى مامەڵەکردن و کڕینى دراوى ئەلیکترۆنى و کانزیى ئەنجام دەدەن، ئاسایش دەڵێت، نایاسایین و رێگەپێدراو نین.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا