ئەمڕۆ 500 دینار هەرزان بوو

بێگەرد تاڵەبانی: لە بەرژەوەندی خەڵک بڕیارماندا قەدەغەی هاوردەی تەماتە هەڵگیرێت 

توانا نەقی

لەگەڵ هەڵگرتنى قەدەغە لەسەر هاوردەى تەماتە، بارهەڵگرە ئێرانییەکان بە بارى تەماتەوە گەیشتن و بەمەش نرخى هەر کیلۆیەک تەماتە 500 دینارى لێبووەوە، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمیش دەڵێت لە بەرژەوەندی خەڵک ئەو بڕیارەیان داوە.

بێگەرد تاڵەبانى وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو بە 964ـى وت، “بڕیارەکە بۆ ئەوەیە، نرخى تەماتە لە بازاڕەکانى هەرێم داببەزێت و هاوڵاتیان بە گران نەیکڕن”.

وتیشی، لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاویەکانی عێراق هەماهەنگییان هەیە و پابەندن بە رۆژمێری کشتوکاڵییەوە و هەرکات پێویست بکات قەدەغە لادەبەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەبەردەوامی ئاگاداری بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن و هەمیشە پەیوەندییان هەیە ئاسانکارییان کردووە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکانی هەرێم و بە پێچەوانەوە.

بەهۆی ئەو پەیوەندیەی لەگەڵ عەلووەکان هەیانە هەستیان بەوەکرد نرخی تەماتە زۆر گران بووە، بۆیە بڕیاریان دا لەسەرجەم دەروازە سنوورییەکانەوە تەماتە هاوردە بکرێت و نرخەکەی لە بازاڕدا هەرزان ببێت،  بێگەرد تاڵەبانی وای وت.