نەچوونە دەوام و تاقیکردنەوەیان نەکردووە

نزیکەى 40 خوێندکارى زانکۆى راپەڕین فەسڵکران

964+

محەمەد عەلی ـ ڕاپەڕین

ژمارەیەک خوێندکارانى زانکۆى راپەڕین، دژى فەسڵکردنیان و گردبوونەوە و داوا دەکەن پێداچوونەوە بە بڕیارى فەسڵکردنیاندا بکرێت.

ئەو خوێندکارانە لەسەر ئەوە فەسڵکراون کە رێژەى غیاباتیان 15%یان تێپەڕاندووە.

سەروەر عەبدولڕەحمان، نوێنەرى ئەو خوێندکارانەیە، ئەمڕۆ سێشەممە بە 964ـى وت، “ئێمەش وەک زۆربەى خوێندکارانى زانکۆکانى تر لە رەمەزاندا نەچووینەوە بۆ دەوام، چونکە مانگى رەمەزان بووە، بەڵام بەو هۆیەوە ژمارەیەک خوێندکار لە چەند دەرسێک فەسڵکراون، بەتایبەت ئەوانەى بەشدارى تاقیکردنەوەکانیان نەکردووە”.

داواش دەکات، ئەو خوێندکارانەى فەسڵکراون غیاباتەکانیان بۆ هەژمار نەکرێت و ئەو تاقیکردنەوانەشى لە رەمەزاندا بەشداریان تێدا نەکردووە و سفریان پێدراوە،بۆیان دووبارە بکرێتەوە بۆ ئەوەى رەنجى ساڵێکیان بەفیڕۆ نەڕوات.

لاى خۆیەوە، هەژار قادر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆى راپەڕین بە 964ـى وت،”هەر خوێندکارێک 15% غیاباتى هەبێت لە وانەیەک، ئەوا لەو وانەیە فەسڵ دەکرێت”.

جەختیش دەکاتەوە، ئەو خوێندکارانە نەک هەر رەمەزان غیاباتى پێشوتریشیان هەیە، بەڵام لە رەمەزاندا غیاباتەکانیان رێژەی یاسایى تێپەڕاندووە.

بەوتەى هەژار قادر، لەوکاتەى بە فەرمى بۆ تاقیکردنەوە دانرابووـ ئەو خوێندکارانە کە ژمارەیان نزیکەى 40 خوێندکارە، بەشدارى تاقیکردنەوەکانیان نەکردووە، بۆیە لەو تاقیکردنەوانە سفریان پێدراوە.

روونیشى کردەوەـ بەهۆى ئەوەى سیستمى بۆڵۆنیایە، ناتوانرێت تاقیکردنەوەکانیان بۆ دووبارە بکرێتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

منداڵی بێڵ وەشێنەکەی کفری فەسڵ کرا

منداڵی بێڵ وەشێنەکەی کفری فەسڵ کرا