دانیشتوانى گوندى کەورگۆسک بۆ ئەوە گردبوونەوە
داواى هەلیکار لەو کۆمپانیایە دەکەن کە لە ناحیەکەیاندا کاردەکات
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
بەشێک لە دانیشتوانى گوندى کەورگۆسک بۆماوەى یەک کاتژمێر گردبوونەوە و رێگاى سەرەکى ناحیەى کەورگۆسک بۆ خەباتیان گرت، ئەوان داوا دەکەن ئەو کۆمپانیایەى لە گوندەکەیاندا کار دەکات، هەلیکاریان پێبدات.
ئەحمەد هەرکى، یەکێک لەو کەسانەیە کە بەشدارى گردبوونەوەکەى کردووە، لەبارەى داواکارییەکانیانەوە قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”کۆمپانیایەک لەناو گوندەکەمان کاردەکات، ئێمەش دەمانەوێت هەلیکار بە گەنجان و دانیشتوانى گوندەکە بدات”.
باسى لەوەشکرد، ساڵى رابردوو حکومەت بڕیاریدا کە دەبێت دەستى کارى خۆماڵى لە کارکردنى کۆمپانیاکان 75% بێت، بۆیە بەپێى ئەو سیستمە دەیانەوێت خەڵکى نسنوورەکەیان لەو کۆمپانیایە کار بکەن.
بەپێى بڕیارى ژمارە 172ـى ئەنجومەنى وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نابێت هیچ پڕۆژەیەک رێژەى کرێکارى بیانى لە %25 زیاتر بێت.
ناحیەی کەورگۆسک یەکێکە لە کۆمەڵگا زۆرەملێکان کە لە ساڵی 1987 دروستکراوە، گوندى کەورگۆسکیش سەر بە ناحیەى کەورگۆسکە.