سنووری سلێمانی
چەند هەڵمەتێكی نەمام چاندن و كێڵان دەستیپێكرد
محەمەد فاتیح
هەڵمەتی چاندنی نەمام لە قەزای دەربەندیخان و پاكکردنەوە و كێڵان لە قەزای شارەزوور و قەزای ماوەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستپێكرد.
بەشی باخچەكانی سەرۆكایەتی شارەوانی دەربەندیخان بەردەوامە لە هەڵمەتی چاندنی نەمام لە بلوار و لێواری شەقامە گشتییەكانی قەزاكە، لەپێناو سەوزكردن و جوانتركردنی سیمای شار و ڕەخساندنی ژینگەیەكی گونجاوتر بۆ هاوڵاتیان و هەر لەم هەڵمەتەدا توانرا نەمامی نوێ لەشوێنی هەندێك نەمامی شكێنراو بڕوێنرێتەوە.
لە هەڵمەتێكی دیكەی بەرفراوانی بەشی باخچەكانی سەرۆكایەتی شارەوانیی شارەزوور، باخەوان و ژینگەپارێزان دەستیانكرد بە پاككردنەوە و كێڵانی بلواری شەقامە گشتییەكانی ناوەندی قەزاكە، بە ئامانجی پاراستن نەمامەكان و سەوزكردنی زیاتری ناوەندی شار تا سیمایەكی جوانتر و رازاوەتر ببەخشێت.
بە هەمان شێوە لە هەڵمەتێكی ژینگەپارێزیدا، بەشی باخچەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی ماوەت دەستیكرد بە پاككردنەوە و كێڵانی سەوزایی شەقامی سەرەكی قەزاكە، ئامانج لێی سەوزكردن و بەهێزكردنی نەمام و درەختەكانی شەقامی سەرەكی قەزاكەیە تا دەگاتە پەیكەری كەڵەشێرەكە كە بە سیمبولی ماوەت دادەنرێت.