هۆکاری رووداوەکانی پردێ چییە؟
ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و شۆفێرەکەی گیانی لەدەست دا
کاروان ساڵحی-کەرکوک
بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک لەسەر رێگای نێوان ناحیەی پردێ بۆ کەرکوک، بە دیاریکراوی لە نزیک گوندی کەڵوڕ، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە گیانی لەدەست دا و سەرنشینێکیش بە سەختی بریندار بوو.
رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 6.4.2025 روویداوە و زیرەک محەمەد، شایەدحاڵ لە شوێنی رووداوەکە بە 964ـی وت، ئەو شەقامە بەهۆی بارهەڵگرەوە تاسەی زۆری تێدایە و هەروەها شۆفێرەکە زۆر بە خێرایی لێی دەخوڕی، گەیشتمە سەر رووداوەکە، یەکێک گیانی لەدەستدا بوو یەکێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو، لەلایەن پۆلیسەوە رەوانەی نەخۆشخانەکانی ناو کەرکوک کران.
هەیسەم عەلی پۆلیسی هاتوچۆی دەرەوەی شار بە 964ـی وت، ئەو رێگایەی شاری هەولێر بە کەرکوک و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور دەبەستێتەوە، وەک رێگایەکی نێودەوڵەتییە، تاکە چارەسەری ئەو هەموو رووداوەی لەوێ روودەدەن، ئەوەیە کامێرای خاڵ بۆ خاڵی تێدا جێگیر بکرێت ، چونکە چەندین جار بازگەی کاتیمان داناوە و دوای تێپەڕبوونیان لە بازگاکە، بە هەمان خێرایی لێی دەخوڕن، بۆیە رووداوی لەو شێوەیەی لێ دەکەوێتەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا