ناوەندی عێراق بۆ مافی مرۆڤ:
حاڵەتەكانی تووشبوون بە ئایدز لە عێراق بەرزبوونەتەوە و چاوپۆشی لێدەكرێت
محەمەد فاتیح
ناوەندی عێراق بۆ مافی مرۆڤ ئاشكرای كرد حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئایدز له عێراق بەرزبوونەتەوە، بەڵام چاوپۆشی لێدەكرێت، داواشیان كرد رێگایەكی تەندروست دابنرێت بە مەبەستی بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسەكە و بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی.
تا ئێستا چاوپۆشی لە دۆسیەکانی نەخۆشی ئایدز دەكرێت و فشار خراوەتە سەر چەند لایەنێكی جیاواز تا ژمارەی راستەقینەی تووشبوان بەم ڤایرۆسە ئاشكرا نەكرێت و بشاردرێتەوە، ئەمە لێدوانی عەلی عەبادی سەرۆكی ناوەندی عێراقە بۆ مافی مرۆڤ بۆ 964.
ئەو دەڵێت: ناوەندەكەمان پێش نزیكەی سێ هەفتە بانگەوازى لە یەكێك لە پارێزگاكانی باكووری عێراقەوە (بەبێ ناوهێنانى پارێزگاکە) پێگەیشت سەبارەت بە تووشبونی هاوڵاتییەك بە ڤایرۆسی ئایدز لە رێگەی گواستنەوەی خوێنی پیسەوە و لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ ئەم مەبەستە، بەڵام تاكو ئێستا دەرئەنجامەكانی رانەگەیەندراوە و ترس هەیە راستییەكان پەردەپۆش بكرێن.
دەبێت پڕۆگرامی پەنجەمۆری گەڕانەوە چالاك بكرێتەوە لە دەروازە ئاسمانی و دەریایی و وشكانییەكانی عێراق، بۆ پشكنینی ئەو كەسانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە دەگەڕێنەوە، هەروەها دەبێت وەزارەتی تەندروستیی عێراق نەخشەڕێگایەكی تۆكمە دابنێت بۆ پشكنین و گرتنەبەری هەڵمەتی هۆشیاری نیشتمانیی بەردەوام، بەمەبەستی ئاشكراكردنی حاڵەتەكانی تووشبوون و رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ئایدز لە عێراقدا، عەلی عەبادی واى وت.