سەرۆكی شارەوانی بۆ 964

پارک و باخچەكانی هەولێر نۆژەن و رێكدەخرێنەوە

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، بەدواداچوونیان بۆ كەموكوڕی و پێداویستییەكانی باخچە و پاركەكانی هەولێر كردووە و هەرچی پێداویستییە بۆیان دابین دەكەن.

ئەندازیار كارزان عەبدولهادی ئەمڕۆ پێنجشەممە 3.4.2025 بە 964ی راگەیاند، بۆ رێکخستنەوە و بایەخدانی زیاتر بە پارك و باخچەی گەڕەكەكانی شاری هەولێر

لە نزیکەوە هاوڵاتیانی بینیوە و گوێی لە داواكارییەكانیان گرتووە لە چەند گەڕەكێكی هەولێردا.

وتیشی، لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکان و سەرپەرشتیاری پلان و هونەری، ژمارەیەک لە پارک و باخچەکانی ناو گەڕەکەکانی شاری هەولێریان بەسەركردووەتەوە.

سەرۆكی شارەوانیی هەولێر وتیشی، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانمان راسپارد کە هەرچی زووە کاری چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوە بۆ ئەم پارکانە ئەنجام بدرێت، كە پێویستیان پێی هەیە، بۆ ئەوەی سیمایەکی جوانتر ببەخشن.

“بەپێی توانای دارایی و مرۆیی سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكان لە رۆژی شەممەوە دەست بە نۆژەنكردنەوە و رێكخستنەوەی پارك و باخچەكان دەكەین، هەرچی لە تواناماندابێت ئەنجامی دەدەین، پلانی ئێمە بۆ هەموو شاری هەولێرە بەبێ جیاوازی”، كارزان عەبدولهادی وای وت.