هیوا عوسمان:
“کۆچى دوایى بەڵێن ساڵح کەلێنێکى گەورەى دروستکرد”
964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
هیوا عوسمان رایدەگەیەنێت، کۆچى دوایى رۆژنامەوانى کورد بەڵێن ساڵح کەلێنێکى گەورەى لە کایەى میدیادا دروستکرد، دەشڵێت: لەکاتێکدا دواى داخستنى دەنگى ئەمەریکا هەمووان چاوەڕێ بوون بزانن وێستگەى داهاتووى کارکردنى لە کوێیە، کۆچى دوایى کرد.
هیواداربووم بتوانین بەیەکەوە کار بکەین
هیوا عوسمان، رۆژنامەوانى کورد لە بارەى کۆچى دوایى رۆژنامەنوس بەڵێن ساڵح بە 964ـى وت،” کۆچەکەى کەلێنێکى گەورە بوو لە کایەى میدیادا، چونکە بەڵێن ساڵح، رۆژنامەوانێکى ورد و بەسەلیقە بوو، لەو شوێنەدا پرسیارى دەکرد کە جەماوەر پێویستى بە وەڵام بوو”.
دەشڵیت: دواى بڕیارەکەى حکومەتى ئەمەریکا بە داخستنى دەنگى ئەمەریکا، هەمووان چاوەڕێى ئەوە بوون بزانن وێستگەى داهاتووى کارکردنى بەڵێن ساڵح کوێیە، بەڵام مەرگ رێگەى نەدا.
“دواى بڕیارەکە بەهیوا بووم بتوانین بەیەکەوە کاربکەین یان بەشێوەیەک لە شێوەکان شتى هاوبەش بکەین”، هیوا عوسمان واى وت.
جەختیش دەکاتەوە کە پەیوەندییەکى باشیان بەیەکەوە هەبووە و زۆر جار بەیەکەوە دید و بۆچوونەکانیان لەبارەى رووداوەکان ئاڵوگۆڕ دەکرد.
رۆژى 30.3.2025 بەڵێن ساڵح، رۆژنامەوانى کورد لە ئەمەریکا، كه دهكاته برای د. بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، لە تەمەنی 63 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
بەڵێن ساڵح لە هەڵەبجە لەدایکبووە و لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە دەستیکردووە بە کاری رۆژنامەگەری و لە ژمارەیهک گۆڤار و رۆژنامە و رادیۆ و تەلەفزیۆن لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاری کردووە، لە ساڵی 1996 چووەتە ئەمریکا و سێ ساڵ دواتر واتە لە ساڵی 1999 لە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا دەستبەکار بووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3.4.2025، پرسەى بەڵێن ساڵح، لە سلێمانى بەڕێوەچوو.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح