دیمەنێکی رووباری دیجلە لە شاری بەغدا - وێنە: 964
بە پێی رێکەوتن لەگەڵ تورکیا
مافی ئاوی عێراق بۆ ماوەی 10 ساڵ مسۆگەره
964+
محەمەد فاتیح
وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوى عێراق بڵاویكردەوە بەپێی ئەو رێكەوتنەی لە نێوان عێراق و توركیادا كراوە، بۆ ماوەی 10 ساڵ مافی ئاوی عێراق مسۆگەره.
خالید شەماڵ وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوى عێراق راگەیاند، رەوشی ئاو لە عێراق سەقامگیرە و ئەو رێكەوتنەى لە نێوان عێراق و توركیادا واژۆكراوە، مافی ئاوی عێراقی بۆ 10 ساڵی داهاتوو زامن كردووە.
وتيشى،رێکەوتنەکە سێ میحوەری سەرەکی لەخۆدەگرێت، لەوانە بەڕێوەبردنی هاوبەشی حەوزی دیجلە – فورات و ئاڵوگۆڕی زانیاری و داتابەیس بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەکانی ئاودێری، جگە لە وەبەرهێنان لەلایەن کۆمپانیا تورکییەکانەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق.
دانوستان لەگەڵ لایەنی تورکیا بەپێی رێكەوتنەكە بەردەوامە، وەك وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوى عێراق باسی لێوە كردوە.
چەندین ساڵە لەلایەن هەردوو وڵاتی توركیا و ئێرانەوە بەنداو دروستكراوە بۆ گلدانەوەی ئەو ئاوانەی بە هەرێمی كوردستان و عێراقدا تێپەردەبن، شارەزایانیش پێیان وایە ئەمە پێشیلكردنی مافی ئاوی هەرێمی كوردستان و عێراقە.