پۆلیسی دهۆک:

لێكۆڵینەوە لە رووداوەكانی یاریی دهۆک و زاخۆ دەستیپێكرد

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دهۆک رایگەیاند، لە بارەی رووداوەكانی یاریی تۆپی پێی نێوان دهۆك و زاخۆ لێكۆڵینەوەی دەستپێكردووە و ئەوانەی خەتابارن رووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە.

پۆلیسی پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ لە روونکردنەوەیەکدا لە بارەی رووداوەکانی یاریی دهۆك و زاخۆ لە خولی تۆپی پێی ئەستێرەكانی عێراق دەڵێن، دوێنی شەو دوای یاریی نێوان هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ لە یاریگەی دهۆک، چەند کەسێك دوور لە گیانی وەرزشی کە ئامانجی ئەوان تێکدان و ئاڵۆزکردنی رەوشەکە و دروستکردنی ناکۆکی بوو لە نێوان هاندەرانی هەردوو یانەدا، لە سۆشیال میدیا، سووکایەتییان بڵاوکردووەتەوە و خواستی ئەوان ئەوەیە کە دۆخەکە بەرەو ئاقارەکی نادیار ببەن، بەڵام ئەم كارە رێگری لێدەكرێت و نایەڵن ئامانجی ئەو كەسانە بێتەدی.

هەروەها ئاماژە بەوە دەكەن، لێكۆڵینەوەیان دەستپێكردووە و هەر كەسێك قسەیەك یان رەفتارێكی بە ئامانجی تێكدان و ئاژاوەنانەوە كردبێت، رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە، دەزگا ئەمنییەكان لە پێش یاری و لە دوای یارییەكەش بە ئەركی خۆیان هەڵساون، لێكۆڵینەوەش دەستی پێكردووە.

ئەم روونكردنەوەیەی پۆلیسی دهۆک دوای ئەوە دێت، هەندێك لە جەماوەری یانەی زاخۆ لە تیكتۆك دوای یارییەكەی شەوی رابردوو لایڤیان كردەوە و یەكێك لە یاریزانەكانی یانەی زاخۆش هاتە ناو لایڤەكە و وتی، پۆلیسی دهۆک لە دوای یارییەكە بە دار لە یاریزانانی زاخۆیان داوە و ئەزیەتیانداون.

یاریی دهۆك و زاخۆ شەوی رابردوو لە یاریگەی دهۆک لە خولی ئەستێرەكانی عێراق كرا و بە سوودی یانەی دهۆک كۆتایی هات بە 1-0 گۆڵ، هاوكات بەپێی رێككەوتنی نێوان هەردوو یانە، جەماوەری زاخۆ لە یارییەكە ئامادەنەبوون، بۆ ئەوەی كێشە و گرفت دروست نەبێت، چونكە ساڵانی رابردوو چەند جارێك جەماوەری هەردوو یانە بەشەڕهاتوون و رووداوی ناخۆشی لێكەوتووەتەوە.

سیپان سەدیق یاریزانی زاخۆ: پۆلیسی دهۆک بە دار هێرشیان ك...

سیپان سەدیق یاریزانی زاخۆ: پۆلیسی دهۆک بە دار هێرشیان كردە سەرمان و لێیانداین