ناوى (هاوڕێنامه‌)یه‌و له‌ 10 به‌رگ پێكهاتووه‌

دواى 25 ساڵ كتێبێك چاپ دەکرێتەوە و لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر ئامادە دەكرێت

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

دواى چارەکە سەدەیەک كتێبی هاوڕێنامە چاپدەکرێتەوە و لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر كه‌ خولى 17 میه‌تى، ئامادە ده‌كرێت، ده‌كه‌وێته‌وه‌ به‌رده‌ستى خوێنه‌ران.

هاوڕێنامە بۆ مێژووی کوردستان و کورد، بە 10 بەرگ و زیاتر لە حه‌وت هه‌زار لاپەڕەی A4 چاپدەکرێتەوە و چاپی یەکەمیشی ساڵی 1999 لە شاری سلێمانی کراوە و لە نووسینی: هاوڕێ باخەوانە.

به‌پێی بڵاوكراوه‌یه‌ك كه‌ نووسه‌رى كتێبه‌كه‌ له‌ ماڵپه‌رى كوردیپیدیا بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، پاش چاپکردنی یه‌كه‌مین چاپی، هاوڕێنامە هەر زوو ناو و دەنگی پەیداکرد. زۆرێک رەخنە و تێبینی و دەستخۆشیم لە بڵاوبوونەوەی هاوڕێنامە بەرەوڕوو بووەوە، زۆرێک لە هەڵەکانم چاککردەوە، لێی نەوەستام تا ڕۆژی ئەمڕۆ.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، هاوڕێنامە لە 400 و ئەوەندە لاپەڕەوە بووە هەزاران لاپەڕە، زۆر پەرتووکم بینی لە لیستی سەرچاوەکاندا ئاماژەیان بۆ هاوڕێنامە کردبوو، زۆری تریشم بینی زانیارییان لە هاوڕێنامەوە وەرگرتبوو و تەنانەت هەڵەی چاپ و رێنووسی منیشیان دانابوو لە نووسینەکانیاندا، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هاوڕێنامە و ناوی من بکەن. زۆربەی تەلەڤزیۆنەکانی ئەو کات، ڕووداوەکانی ڕۆژیان لە هاوڕێنامەوە وەردەگرت بەبێ ئەوەی باسی هاوڕێنامە بکەن.