ئاسانکاری بۆ کەسوکاریشیان دەکرێ

وەزارەتی دادیی عێراق بڕیاریکی لە بەرژەوەندی زیندانیان دەركرد


محەمەد فاتیح

لەگەڵ نزیكبوونەوەی جەژنی رەمەزان، وەزیری دادی عێراق بڕیاریدا بە هەڵگرتنی سزای دیسپلین لەسەر زیندانیان و پێشكەشكردنی ئاسانكاری بۆ كەسوكارییان.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 28.3.2025، وەزارەتی دادی عێراق بڵاویكردەوە، وەزیر خالید شوانی بڕیاریدا بەبۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنی رەمەزانەوە، ئەو زیندانیانەی لە ناوەندەکانی چاکسازی سزای دیسپلینیان بەسەردا سەپێنراوە سزاكانیان لەسەر لابدرێت.

دەشڵێ، وەزیری داد بەهەمان شێوە داوایكردووە لە رۆژانی جەژنی رەمەزان ئاسانكاری بۆ كەسوكاری ئەو زیندانیانە بكرێت، تا سەردانیان بکەن.

ئەمەش وەك دەستپێشخەرییەكی مرۆییانە، بە مەبەستی پتەوكردنی كەشی جەژن و لەبەرچاوگرتنی لایەنی كۆمەڵایەتی زیندانیەكان، وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە.

سزای دیسپلین چییە؟

سزای دیسپلین یاخود پابەندێتی زۆرە ملێ بە یاساکانی زیندان، واتا قەدەغەکردنی هەر جۆرە دیدار و چاوپێکەوتن یان بێبەش کردن لە هەر مافێک کە بەند کروان لە زیندان هەیانە، تاکە بیانوو بۆ ئەو سزایە بریتیە لە بیانووی پابەند نەبوون بە یاساکانی زیندانەوە.