پۆلیسی هەولێر:
كەسێك ماڵی خۆیانی سووتاندووە و دزی لە دایكی كردووە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
پۆلیسی هەولێر ڤیدیۆیەكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، كەسێك هەڵیكوتاوەتەسەر ماڵێك و سووتاندویەتی، ملوانكەی زێڕی ژنێكی ماڵەكەی دزیوە و رایكردووە، دواتر دەركەوت ئەوە هەر كوڕی ماڵەكەیە و ئەو ژنەی دزیشی لێكردووە و لێی داوە، دایكی خۆی بووە.
پۆلیسی هەولێر، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 26.3.2025 بڵاویكردەوە، ئاگادار كراونەتەوە لە گەڕەکی (هەولێری نوێ) رووداوێکی سووتان و هەڵکوتانە سەر ماڵێک رووی داوە، دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە، كە بە وتەی خاوەن ماڵەکە، کەسێک هاتووەتە سەر ماڵیان و دزی لێ کردوون و لە ژنی ماڵەکەی داوە و پاشان ماڵەکەشی سووتاندووە.
پۆلیسی هەولێر دەڵێت، پاش لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس، بۆیان دەرکەوت تۆمەتبار کوڕی ماڵەکەیە و دوای ئەوەی ماڵەکەی سووتاندووە و لە دایکی خۆی داوە و ملوانکەی زێڕی ملی دایکی پچڕاندووە و دزیویەتی، پاشان لە کۆڵانی خۆیان داوای هاوکاریی کردووە کە ماڵەکەیان سووتاوە، بۆ ئەوەی تاوانەکەی بشارێتەوە، بەڵام لە ماوەی کەمتر لە چەند کاتژمێرێکدا تۆمەتبار ئاشکرا کرا.
“ئێستا تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەی لێکۆڵینەوە دەستگیر کراوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و دانیشی بە تاوانەکەیدا ناوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەش بەردەوامە”، لە راگەیاندراوی پۆلیسی هەولێردا هاتووە.