دوای دەستپێشخەرییەکەی 964
رای هاوڵاتیان لەسەر راگرتنی رووماڵی هەواڵەکانی کوشتن
دیلان محەمەد – سلێمانی
دوای دەستپێشخەرییەکی 964 و بڕیارەکانی داواکاری گشتی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە، بۆ راگرتنی رووماڵی هەواڵەکانی کوشتن، بەشێک لە هاوڵاتیانیش بڕیارەکەیان پێ دروستە و پێیانوایە، بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵانە کاریگەری خراپ لەسەر باری دەروونیان دروست دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26.3.2025 پەیامنێری 964 لە سلێمانی چووەلای بەشێک لە هاوڵاتیان و پرسیاری ئەوەی لێکردن کە ئاخو بڕیاری راگرتن و بڵاونەکردنەوەی هەواڵەکانی کوشتن لە میدیاکان بە دروست دەزانن یان نە؟، زۆربەیان رایانگەیاند، بڕیارێکی دروستە بەو پێیەی بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵانە لە چەند رۆژی رابردوودا خەریکبوو، حاڵەتەکەی ئاسایی دەکرد و دەبووەهۆی زیادبوونی توندوتیژی لەناو کۆمەڵگادا.
لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵ و تەنیا لەماوەی 10 رۆژدا چەند رووداوێکی کوشتن بە چەک لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان روویاندا و بەهۆیانەوە نزیکەی 30 کەس کوژران و برینداربوون، دواتر 964 لە دەستپێشخەرێیەکدا رووماڵی ئەو جۆرە هەواڵانەی راگرت و ئەمڕۆش داواکارى گشتى سلێمانى و بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە، هاتنەدەنگ و رایانگەیاند، هەر دەزگایەکى راگەیاندن رووماڵى کوشتن بکات رێکارى یاسایى بەرامبەر دەگرنەبەر.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری