كەی دەكرێت؟

بازرگانانی كوردستان دەتوانن لە كۆڕبەندی كار لە لەندەن بەشداریی بكەن

ئەرسەلان عەبدوڵا

کۆڕبەندی کار لە شاری لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا لە لایەن ژووری بازرگانی رۆژئاوای لەندەنەوە رێكدەخرێت، بازرگانانی كوردستانیش دەتوانن بەشداریی بكەن.

كامەران محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە 25.3.2025 بە 964ی راگەیاند، كۆڕبەندی كار لە لەندەن لە رۆژی 8.5.2025 بەڕێوەدەچێت، كە لە لایەن ژووری بازرگانی رۆژئاوای لەندەنەوە سازدەكرێت، بازرگانان و خاوەنكارانی كوردستان دەتوانن بەشداریی بكەن.

وتیشی، ئەوانەی دەیانەوێت بەشداریی بكەن، دەتوانن سەردانی بەشی پەیوەندییەكانی ژووری بازرگانی هەولێر بكەن، بۆ ئەوەی كارئاسانی و رێنماییان بۆ بكرێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا دواكات بۆ پێشكەشكردنی داواكاری، رۆژی 14.4 دەبێت و دوای ئەوە با كەس گلەییان لێ نەكات.