لە گوندی گابەرەکە

جوتیارەکەی سەرگەڕان بە ئاڵای کوردستان و تراکتۆرەکەیەوە ئاگری نەورۆزی کردەوە

شۆڕش قادری

ئەو جوتیارەی بووە سیمبولی رووبەڕووبوونەوەی جوتیارانی ناحیەی سەرگەڕان و سوپای عێراق، با ئاڵای کوردستان و تراکتۆرەکەیەوە چووە گوندی گابەرەکە و ئاگری نەورۆزی کردەوە.

هاوشێوەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20.3.2025 لە کەرکوک و گوندەکانی دەورووبەری ئاگری نەورۆز کرایەوە، لە گوندی گابەرەکەش محەمەد ئەمین نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان بە ئاڵای کوردستان و تراکتۆرەکەیەوە چووە ناو جوتیارانی گوندەکە و بە مەشخەڵەکەی دەستی، ئاگری نەورۆزی کردەوە.

محەمەد ئەمین نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان لە گرژییەکانی نێوان سوپای عێراق و جوتیارانی پێنج گوندی سەرگەڕان، سەربازێک بەملپێچەکەی ملی لەسەر تراکتۆرەکەی رایکێشا و ڤیدیۆکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، ئەوەش بووە سیمبولی خۆڕاگری جوتیارە کوردەکان، لە چەند رۆژی رابردووشدا لەسەر سکاڵای سەربازەکە دادگایی کرا و بە کەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازاد کرا.

محەمەد ئەمین خۆیشی سکاڵای لەسەر سەربازەکەی سوپای عێراق تۆمار کردووە، بەڵام تا ئێستا سەربازەکە دادگایی نەکراوە.