داهاتى ناوخۆ زۆرە و هەرێم کەمێک دەنێرێت؟

بۆچى هەرێم کەمتر لە 50 ملیار دینار داهاتى نانەوتى بۆ بەغدا ناردووە؟

964+

وریا فەتاح

دواى ئەوەى وەزارەتى دارایى هەرێم کەمتر لە 50 ملیار دینارى داهاتى نانەوتى مانگى شوباتى خستەسەر بەشى گەنجینەى فیدڕاڵى، بۆچۆنێک پێى وایە هەرێمى کوردستان گلەیى دواکەوتنى موچە لە بەغدا دەکات، بەڵام خۆى پابەند نییە و بەشێک داهات بۆ بەغدا دەنێرێت، بەرپرسێکى وەزارەتى دارایى هەرێمیش ورد و دروشتى ئەو بابەتە بۆ 964 روون دەکاتەوە و دەڵێت،”رێککەوتنمان لەگەڵ سودانى کردووە تەیف سامى کەیفى خۆیەتى”.

تەیف سامى بێ پشت و پەنایە بۆیە دەترسێت

دوێنێ دووشەممە 17.3.2025، وەزارەتى دارایى هەرێم، بڕى 48 ملیار و 722 ملیۆن دینار و کەسرێکى لە داهاتى نانەوتى مانگى شوبات، خستەسەر بەشی گەنجینەی فیدراڵی.

هاوکات مانگى رابردوو، وەزارەتى دارایى بڕى 51 ملیار و 895 ملیۆن و 877 دینارى لە داهاتى نانەوتى خستە سەر هەژمارى گەنجینەى وەزارەتى دارایى.

بەشێک لە هاوڵاتیان و پەرلەمانتارانى کورد لە بەغدا، لەسەر ئەو بابەتە رەخنەى توندیان لە وەزارەتى دارایى هەرێم گرتووە و تۆمەتباریان کردووە بەوەى کە پابەند نییە بە ناردنى تەواوەتى داهاتى نانەوتى.

نەک هەر ئەوە، وەزارەتى دارایى عێراقیش ناڕازییە، ئەوەتا بەپێى نوسراوێکى وەزارەتەکە کە واژۆى تەیف سامى وەزیرى دارایى لەسەرە، تێیدا وەزارەتەکە  داوای داهاتی ناوخۆی له‌هه‌رێم كردووه‌ و به‌پێی نووسراوه‌كه‌ رازی نییە بەو 51 ملیار دینارەی هەرێم کە بۆ مانگی كانوونى دووه‌مى ئه‌مساڵ، وەزارەتى دارایى هەرێم خستوویەتییە سەر هەژمارى گەنجینەکەى.

بۆچى هەرێم کەمتر لە 50 ملیار دینار داهاتى نانەوتى بۆ بەغدا ناردووە؟

تەیف سامى لە نوسراوەکەدا داوا دەکات هەموو داهاتى ناوخۆ بخرێتە سەر گەنجینەى وەزارەتى دارایى عێراق، تەنانەت لە بڕگەى کۆتایدا داوای داهاتی نەوت دەکات بخرێتە سەر ئەو هەژمارەی وەزارەتی دارایی عێراق لەبانکی ناوەندی بەژمارە 300900 کردویەتیەوە.

964 ئەو بابەتە خستە بەردەم وەزارەتى دارایى هەرێم و لەگەڵ بەرپرسێکى وەزارەتەکە قسەى کرد و لێى پرسى، بۆچى هەرێم مانگى یەک 51 ملیار و مانگى شوبات 48 ملیارى خستووەتە سەر بەشى گەنجینەى وەزارەتى دارایى عێراق، ئەوە کەم نییە؟، ئەوە پێشێلکردنى رێککەوتنەکە نییە؟، بۆچى هەموو داهاتى نانەوتى بۆ وەزارەتى دارایى نانێرن؟.

بەرپرسەکەى وەزارەتى دارایى بەم شێوەیە وەڵامى پرسیارەکانى 964ـى دایەوە،”ئەوەى بەپێى رێککەوتن لە نێوان هەرێم و سەرۆک وەزیرانى عێراق کراوە ئەوەیە، پێویستە هەرێم مانگانە نیوەى داهاتى باج و گومرگ بخاتە سەر هەژمارى گەنجینەى وەزارەتى دارایى عێراق، نەک هەموو داهاتى نانەوتى یان نیوەى داهاتى نانەوتى”.

ئێمە لەگەڵ سودانى رێککەوتوین کە مانگانە نیوەى داهاتى نانەوتى باج و گومرگ بۆ بەغدا بنێرین نەک هەموو یان نیوەى داهاتى ناوخۆ

ئەو بەرپرسەى وەزارەتى دارایى جەخت دەکاتەوە، هەرێمى کوردستان لەسەریەتى مانگانە نیوەى داهاتى باج و گومرگ بگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا، نەک کۆى داهاتى ناوخۆ، وەکخۆى دەڵێت، 100 جار ئەوەیان روونکردووەتەوە کە ناردنى ئەو پارەیە لەسەر بنەمایەک دانراوە کە رێککەوتنە و تەنیاش نیوەى داهاتى باج و گومرگ دەگرێتەوە.

964 لێى پرسى بۆ دوو مانگى یەک و دووى 2025 هەرێم کەمتر لە 100 ملیار دینارى ناردووە بۆ بەغدا ئایا ئەو بڕە پارەیە کەم نییە؟، بەرپرسەکەى وەزارەتى دارایى راگەیاند، هەمیشە داهاتى باج و گومرگ لە مانگەکانى سەرەتاى ساڵ کەمە، بۆیە ئەو رێژەیەش کەمە، بەڵام لە دواى مانگى چوارەوە داهاتەکە زیاد دەکات و زیاتریش بۆ بەغدا دەنێرن.

“کۆمپانیا و باجدەرەکان لە مانگەکانى نیوەى دووەمى ساڵ حساباتەکانیان ساف دەکەن و دەست دەکەن بە پێدانى باج تا کۆتایى ساڵ، بۆیە داهاتى باج لە مانگەکانى سەرەتاى ساڵ کەمە، هەروەها سەرماوسۆڵەى مانگى یەک و دوو وایکرد ئاڵوگۆڕى بازرگانى لە دەروازەکانەوە سنووردار بێت بۆیە داهاتى گومرگى کەمى کرد، بەڵام لەمەودوا زیاد دەکات”، سەرچاوەکەى وەزارەتى دارایى واى وت.

ئەى بۆچى بەشێک لە نوێنەرانى کورد رەخنەتان لێدەگرن کە بەتەواوەتى پابەند نین بە ناردنى داهاتى ناوخۆ، 964 بەم شێوەیە پرسیارى لێکرد، بەرپرسەکەى وەزارەتى دارایش بەم شێوەیە وەڵامى دایەوە،”ئەوان هەر دەزانن رەخنە بگرن، ئەلف و بێى ئابورى و دارایى نازانن، ئەگینا دەزانن داهاتى باج و گومرگ بۆ سەرەتاى ساڵ کەمە و دواتر بەرز دەبێتەوە”.

ساڵى رابردوو لە دواى رێککەوتنى هەرێم و ناوەند لە مانگى پێنج دا، وەزارەتى دارایى هەرێم دەستیکردن بە ناردنى بەشێک لە داهاتى نانەوتى لە باج و گومرگ بۆسەر هەژمارى گەنجینەى فیدڕاڵ، بەشێوەیەک لە مانگى پێنج تا مانگى نۆ، هەرێم 399 ملیار و 168 ملیۆن و 964 دینارى بۆ بەغدا نارد، بەم شێوەیە:

بۆ مانگى پێنجى 2024: 85 ملیار و 199 ملیۆن دینار

بۆ مانکى شەشى 2024: 70 ملیار و 131 ملیۆن دینار

بۆ مانگى حەوت : 74 ملیار و 844 ملیۆن دینار

بۆ مانگى هەشت: 91 ملیار و 151 ملیۆن

بۆ مانگى نۆ: 77 ملیار و 841 ملیۆن دیتار

ئەمە نیوەى داهاتى نانەوتى باج و گومرگە بۆ پێنج مانگى 2024 کە لاى وەزارەتى دارایى عێراق بۆ مانگەکانى (2.3.4.5.6)، دیاریکراوە، بەڵام لاى هەرێمەوە نیوەى داهاتى نانەوتى باج و گومرگە بۆ مانگەکانى 5 تا نۆیەـى 2024.

ئەگەر شتەکە بەم شێوەیەیە ئەى بۆچى تەیف سامى وەزیرى دارایى عێراق ناڕازییە لە کەمى ئەو داهاتە و داوا دەکات هەموو داهاتى ناوخۆ بنێرن؟، بەرپرسەکەى وەزارەتى دارایى وەڵامەکەى ئەمە بوو،”تەیف سامى بێ پشتە دەترسێت سکاڵاى لەسەر بکرێت، هەموو ئەو شتانەى دەیکات بۆ ئەوەیە سبەینێ لە دادگا هیچ بەرپرسیارییەتییەکى لەسەر نەبێت، بەڵام سەرۆک وەزیران لەسەرووى تەیف سامییەوەیە، هەرێم لەگەڵ سودانى رێککەوتنى لەسەر ئەوە کردووە کە مانگانە نیوەى داهاتى باج و گومرگ بۆ بەغدا دەنێرێت”.

ئاشکراشى دەکات، سێ مانگ جارێک لیژنەى چاودێرى دارایى عێراق دێتە هەرێم و وردبینى بۆ داهاتەکە دەکات.