رەمەزانە و دەویسترا لە بازاڕدا ساغ بکرێتەوە

زیاتر لە 300 کیلۆ ماستی ماوەبەسەرچوو لە سلێمانی دەستی بەسەرداگیرا

شۆڕش قادری

زیاتر لە 300 کیلۆ ماستی ماوەبەسەرچوو لە سلێمانی دەستی بەسەرداگیرا کە خاوەنەکەی دەیویست بەم رەمەزانە لە بازاڕدا ساغی بکاتەوە و دەرخواردی خەڵکی بدات.

بەپێی راگەیەندراوێکی قایمقامیەتی سلێمانی، لیژنەکانیان دەستیان بەسەر 18 سەتڵی گەورە ماستی ماوەبەسەرچوودا گرتووە کە 324 کیلۆ بووە و خاوەنەکەی بەنیازبووە لە مانگی رەمەزاندا لە بازاڕدا ساغی بکاتەوە و بە هاوڵاتیانی بفرۆشێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، ماستەکە لە دەرەوەی شاری سلێمانییەوە هێنراوە و لە مانگی 2ـی 2025ـەوە بەسەرچووە، بەفەرمانی قایمقامی سلێمانی تەواوی ماستەکە لەناودەبرێت و خاوەنەکەشی رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە.

هەر لەسەرەتای مانگی رەمەزانەوە تا ئێستا، لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، چەندین جار دەستیان بەسەر گۆشت و خۆراکی ماوەبەسەرچوودا گرتووە و سەرپێچێکاران رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.