ریزکردنی بەرمیلی نەوت لە پێنجوێن بۆ وەرگرتنی نەوت _ وێنە: 964
200 لیتر بە 60 هەزار دینار
سبەینێ نەوت دەگات بەو ماڵانەی پێنجوێن کە نەوتیان وەرنەگرتووە
964+
کامیار کەمال – پینجوێن
وردە وردە بەرەو بەهار و خۆشی دەڕۆین و پلەکانی گەرماش بەرزن، بەڵام لە پێنجوێن نزیکەی هەزار ماڵ هەن کە لە سەرماکەدا نەوتەکەی حکومەتی عێراقیان پێ نەگەیشتووە، ئەو ماڵانە سەرماکەیان بە یەک بەرمیل نەوتەوە بەڕێکرد و چاوەڕێبوون نەوتە هەرزانەکە بگات.
ژمارەی ئەو ماڵانە بە دیاریکراوی 850 ماڵە کە نیوەی لە ناو سەنتەری قەزای پێنجوێنە و ئەوی دیکەش لە ناحیە و گوندەکانی پێنجوێنن.
هاوکار عومەر، لێپرسراوی کارتی سوتەمەنی لە قایمقامیەتی پێنجوێن بە 964ی وت، سبەینێ دووشەممە نەوتەکەی حکومەتی فیدراڵ دەگاتە پێنجوێن و بەسەر ئەو ماڵانە دابەش دەکرێت کە نەوتیان پێنەگەشتووە، لە بارەی هۆکاری دواکەوتنی وتی، تەواوبوونی گرێبەستی کۆمپانیایی هاوردەکار هۆکار بووە لە پاڵاوگەکانەوە، بۆ ئەوەش پێویستی بە کات بهووە تاوەکو گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە.
بڕیارە ئەو ماڵانە، 200 لیتر نەوت بە نرخی 60 هەزار دینار پێیان بدرێ، وریا عەلی دانیشتووی گەڕەکی کێلویەکانی پێنجوێنە و بە 964ی وت، سەرماکەیان لە چاوەڕوانی هاتنی نەوت بەڕێکرد و دووەم بەرمیلی نەوتیشیان وەرنەگرت بەهۆی گرانی نرخەکەیەوە، ئەو وتی، بەشێکی زۆری گەڕەکەکەیان تا ئێستاش بەرمیلەکەیان لە دەرەوەیە و لە ریزدا وەستاوە و بەفریشی بەسەردا باری و نەوتەکەش هەر نەهات.
پێنجوێن ناوچەیەکی سنوری ساردە و ئەمساڵ 40 سانتیم بەفری لێ باریوە و ساردترین شەویش پلەی گەرما بۆ 15پلە ژێر سفر دابەزی.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا