لە فەیسبوک ناو و ناونیشانى بڵاودەکاتەوە
هەر دوکاندار و دەستگێڕێک ناوبازاڕ پیس بکات شارەوانى دەیکاتە بنێشتەخۆشەى سەرزارى خەڵکى
964+
وریا فەتاح
شارەوانى سلێمانى بڕیاریداوە، لەمەودوا هەر دوکاندار و دەستگێڕێک ناوبازاڕ پیس بکات، لە فەیسبوک ناو و ناونیشانیان بڵاودەکاتەوە و دەیانکاتە بنێشتەخۆشەى سەرزارى خەڵکى.
وەک دەزانن، بەشێکى زۆرى دوکاندار و دەستگێڕەکان لە هەموو بازاڕەکان پابەندنین بە پاکوخاوێنى ناوبازاڕ و هەرچى ئیشیان پێى نەما لە کارتۆن و دەبە و زەرف و کەلوپەلەکانیان، فڕێى دەدەنە سەر شەقامەکە و کرێکارانى شارەوانیش دەبێت بە زمانى بەڕۆژووەوە پاکى بکەنەوە.
بەشى خزمەتگوزارى شارەوانى سلێمانى بڕیاریداوە، لەمەودوا هەر دوکاندار و دەستگێڕێک، ببێتە هۆى پیسکردنى بازاڕ، ناو و ناونیشانى لە فەیسبوک بڵاو بکاتەوە.
شارەوانى سلێمانى لە پەڕەى خۆى لە فەیسبوک بڵاوى کردووەتەوە، ئەمڕۆ 15.3.2025، بەشى خزمەتگوزارى شارەوانییەکەیان، لەناو بازاڕى سلێمانى، رێنمایى بە کاسبکار و دوکاندار و دەستگێڕەکان داوە و پێى وتوون چیتر پاشماوەکانتان فڕێ مەدەن.
هۆشدارى پێداون، ئەگەر لەمەودوا دووبارەى بکەنەوە، ناو و ناونیشانتان لە فەیسبوک بڵاو دەکەینەوە.
بۆ ئەوەى کرێکارانى شارەوانى بەم رەمەزانە هیلاک نەبن بە پاککردنەوەى ناوبازاڕ، باشترە دوکاندار و دەستگێڕەکان بەقسەى شارەوانى بکەن و نەبنە بنێشتەخۆشەى سەر زارى خەڵکى و سۆشیال میدیا.