لە پیرزین
ماڵەکەی عەبد حەمود بە تەواوی سووتا و هیچیان بۆ نەمایەوە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
لە کۆمەڵگەی پیرزینی هەولێر خانووی کاسبکارێک بوو بە سووتوو، چوار ملیۆن دیناریشی تێدا سووتا.
رووداوەکە ئێوارەی دوێنێ بوو و عەبد مەحمود خاوەن ماڵەکە بە 964ـی وت، “لە سۆران خەریکی سابوون فرۆشتن بووم و لەلایەن خێزانەکەمەوە ئاگادارکرامەوە کە ماڵەکەمان سووتاوە”.
“چوار منداڵم هەیە و هەموویان سەلامەتن، بەڵام سەرجەم کەلوپەلەکانمان بە ناسنامە و کارتی زانیاری و چوار ملیۆن دیناریش لەناو ماڵەکەمدا سووتان، تەنیا جلوبەرگی بەرمان بۆ ماوەتەوە”، عەبد مەحمود وای وت.
عەبد مەحمود و خێزانەکەی لەناو ئەو ماڵەدا کرێچی بوون، 964 زانیویەتی کە خاوەن خانووەکە لە نۆژەنکردنەوەی ماڵەکەی خۆشبووە و پێی وتوون، تەنیا پاکی بکەنەوە و هیچی دیکەی ناوێت.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری